نەسرین ئەحمەد: لە سنووری سلێمانی 145 هەزار تۆن گەنم وەردەگیرێت

دروێنەی گەنم لە دەشتی شارەزوور. فۆتۆ: حەمەسوور - كەناڵ8
دروێنەی گەنم لە دەشتی شارەزوور. فۆتۆ: حەمەسوور - كەناڵ8

بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی رایگەیاند، جوتیاران دڵنیادەکەنەوە هیچ گرفتێک بۆ وەرگرتنی گەنم دروستنابێت و ئەو بڕەی دیاریکراوە وەردەگیرێت.

نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی لەمیانی بەشداریكردن لە بوڵتەنی کەناڵ8 رایگەیاند، لە سنووری پارێزگای سلێمانی 145 هەزار تۆن گەنم وەردەگیرێت و شوێنیان بۆ ئامادەکردووە، لە پارێزگای هەڵەبجەش 13 هەزار تۆن گەنم وەردەگیرێت.

ئەو بەرپرسە باسی لەوەشکرد، ئەمساڵ نرخی گەنم بەراورد بە ساڵی رابردوو جیاوازە، هەر تۆنێک گەنمی بەراو بە 850 هەزار دینار و گەنمی دێمیش بە 800 هەزار دینار دیاریکراوە.

لەبارەی وادەی وەرگرتنی پارەکانیانەوە، نەسرین ئەحمەد گوتی، بەغداد پارەی گەنمەکەی تەرخان کردووە، بەڵام کەوتووەتەسەر درەنگ و زوویی ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ دابەشکردنی بەسەر جوتیاران.

بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان وەکو بەشێک لە لایەنی پەیوەندیدار ناتوانن لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 400 هەزار تۆن گەنم وەربگرن، بەڵام هیوادارن هاوشێوەی عێراق لە دەرەوەی پلان بتوانرێت گەنمی جوتیاران وەربگیرێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئاگادارنەکراونەتەوە لە زیادکردنی بڕی گەنمی وەرگیراو لە هەرێمی کوردستان.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیشدا ئاشکرایکرد، ئێستا بەشێک لە گەنمی ساڵی رابردوو لە سایلۆکاندا ماوە و بە زیان بۆ گەنمی ئەمساڵ هەژمار دەکرێت، چونکە شوێنی هەڵگرتنی گەنم کەمدەکاتەوە و ناچار شوێنی دیکەی بۆ دابینبکەن.

بەگوتەی نەسرین ئەحمەد، سایلۆکان بەکەڵک نەماون بەوپێیەی سەرجەم سایلۆکانی سلێمانی، سایلۆی ئاسنن و کێشەی گەورەیان هەیە لە چاککردنەوە و تێچوویەکی زۆری هەیە، لە بودجەشدا پارەی بۆ تەرخاننەکراوە و زۆرجار کێشەی دابینکردن و خەرجکردنی بودجەیان هەیە.