وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە هەرێمی کوردستان دەستیپێكرد

ساتی وەرگرتنی یەكەم بارهەڵگری گەنمی جوتیارانی سلێمانی
ساتی وەرگرتنی یەكەم بارهەڵگری گەنمی جوتیارانی سلێمانی

بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە هەرێمى کوردستان پرۆسەى وەرگرتنى گەنم لە سایلۆکان دەستیپێکردووە، بەڵام بەهۆى تەواونەکردنى کارەکانیان، پرۆسەکە لە هەولێر دوادەکەوێت بۆ 12ـى حوزەیران.

نەوزاد شێخ کامیل، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا لە سایلۆى پیرەمەگروون رایگەیاند، پێویستە جوتیاران پابەندى خشتەى رادەستکردنى گەنمەکانیان بن لە سایلۆکان.

داواشى لە حکومەتى عێراق کرد، لە دەرەوەى پلانى وەزارەتى بازرگانیى عێراق، هاوشێوەى پارێزگاکانى دیکەى عێراق، گەنمى زیادەى جوتیارانى هەرێمى کوردستان وەربگرێت.

هاوكات، حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق باسی لەوەکرد، لە عێراق تاوەکو رۆژی 9ـی حوزەیران سێ ملیۆن و  600 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە، وەرگرتنی گەنم لە پارێزگاکانی باشووری وڵاتەکە وەستاوە.

ئەو بەرپرسە گوتیشی، ئەمساڵ بەهۆی کەمی بارانەوە بڕی وەرگرتنی گەنم کەمیکردووە، پێشتریش لەلایەن لیژنەوە ئەو بڕەی هەرێمی کوردستان کە 400 هەزار تۆنە دیاریکراوە، هەربۆیە جیاوازی نییە لەنێوان جوتیاری هەرێمی کوردستان و جوتیاری عێراق.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ بەراورد بە پارساڵ پارەی نەختینە بۆ گەنمی جوتیاران کەمترە، بەڵام هەوڵدەدەن ئەوەی کە بەردەستە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر جوتیاراندا دابەشیبکەن.