ChatGPT دەستی بە کارکردن کردەوە

پاش ئەوەی چاتبۆتی چات جی پی تی "ChatGPT"، سەر بە کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای "OpenAI"، بۆ بەشێک لە بەکارهێنەران لەکارکەوت، ئەمڕۆ کۆمپانیاکە رایگەیاند، چاتبۆتەکە دەستی بە کارکردن کردووەتەوە.
چوارشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2025، کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای رایگەیاند:"بە نزیکەیی هەموو پێکهاتەکانی چات جی پی تی بە باشی کاردەکەن بۆ هەموو بەکارهێنەران، بەڵام لە دۆخی دەنگیدا کێشە ماوە و هەوڵدەدەین بە تەواوی چاکی بکەین".
سێشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2025، بەشێک لە بەکارهێنەران کێشەیان لە بەکارهێنانی چات جی پی تی بۆ دروستبوو، کاتێک دەیانویست گفتوگۆ لەگەڵ چاتبۆتەکە بکەن، چات جی پی تی بەم پەیامە وەڵامی دەدانەوە:"هممم...پێدەچێت شتێک هەڵە بێت".
بەگوێرەی ماڵپەری داوندیتێکتەر، کە تایبەتە بە دەستنیشانکردنی ئەو ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییانەی لەکاردەکەون، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای رۆژی سێشەممە، کێشەکە بۆ بەشێک لە بەکارهێنەرانی جیهان دەستیپێکردووە.
کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای لەبارەی لەکارکەوتنەکەوە رایگەیاند :" بەشێک لە بەکارهێنەران تووشی کێشە و دواکەوتن بوون لە سەرانسەری خزمەتگوزارییەکانمان، ئێمە بەردەوامین لە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە".
کێشەکە تەنیا چات جی پی تی نەگرتبووەوە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر سۆرا، بەرهەمهێنەری ڤیدیۆی کۆمپانیاکەش هەبوو.
بەشێک لە بەکارهێنەران دەیانتوانی بچنە ناو چات جی پی تی، بەڵام خزمەتگوزارییەکە سست بوو و کاتێکی زیاتری دەخایاند بۆ وەڵامدانەوە.
11/06/2025