وەزارەتی کارەبا: یەک ملیار و 400 ملیۆن دینار بۆ هاوڵاتییان دەگەڕێنینەوە

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی یەک ملیارو 400 ملیۆن دینار دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو خێزانانەی کە بەشێکن لە پرۆژەی رووناکی.

وەزارەتى کارەبا لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەى بەوەکرد، زیاتر لە 60 هەزار خێزان کە کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە لەو بڕە پارەیە سوودمەند دەبن کە حکومەت بەشێوەی کرێدت "رصيد" بۆ پسووڵەکانی مانگی ئایار دەیگەڕێنێتەوە.

روونیکردووەتەوە، هەر هاوبەشێکى کارەبا لەو 60 هەزار هاوبەشە، تاوەکو 20 هەزار دینار بە‌شێوەی کرێدت لەسەر پسووڵەکانیان وەردەگرنەوە.

وەزارەتى کارەبا باسى لەوەشکردووە، هەندێک گەڕەک هەیە کە ماڵەکانیان بە تێکڕا تاوەکو نزیکەی 80 هەزار دینار بەشێوەی کرێدت وەردەگرنەوە و زیاتر لە 10 هەزار خێزان بەهۆی گەڕانەوەی ئەم بڕە بۆیان، هیچ بڕە پارەیەک بۆ پسووڵەی کارەبای مانگی ئایار نادەن.

وەزارەتى کارەبا هۆکارى بڕیارەکەى بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، ئەو هاوبەشانەى پرۆژەى رووناکى، پێشتر پارەیەکی زیاتریان دابوو بۆ پسووڵەی کارەبا بە بەراورد بەو نرخە نوێیانەی ئەنجوومەنی وەزیران لە چەند هەفتەی رابروودا پەسەندی کردووە.

هاوکات، بڕیارەکە ئەو هاونیشتمانییانەش دەگرێتەوە کە لە پاڵپشتی حکومی بەرێژەی 15% لە مانگی سێیەمدا سوودمەند نەبوون.