ئەمریکا پرۆسەى چۆڵکردنى باڵیۆزخانەکەى لە بەغداد دەستپێکرد

ئەمریکا پرۆسەى چۆڵکردنى باڵیۆزخانەکەى لە بەغداد دەستپێکرد، بەگوێرەى سەرچاوە ئەمنییەکان، ئەمڕۆ فڕۆکە سەربازییەکانى ئەمریکا لە بنکەی سەربازیى ڤیکتۆریا لە نزیک فڕۆکەخانەى بەغداد نیشتوونەتەوە بۆ گواستنەوەى دیپلۆماتکاران و کارمەندانى باڵیۆزخانەکە.
سەرچاوەیەکى ئەمنیی عێراقى، بە رۆژنامەى شەرقلئەوسەتى راگەیاندووە، هاوکات لەگەڵ هۆشدارییەکان بارەى پەرەسەندنە ئەمنییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئەمریکا پرۆسەى چۆڵکردنى باڵیۆزخانەکەى لە بەغداد دەستپێکردووە و ئەمڕۆ فڕۆکە سەربازییەکانى ئەمریکا لە بنکەى سەربازیى ڤیکتۆریا کە هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانانى تێدا جێگرە نیشتوونەتەوە بۆ گواستنەوەى دیپلۆماتکار و کارمەندانى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغداد.
هاوکات، ستیڤن ڤاگن، گوتەبێژى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغداد رایگەیاندووە، گواستنەوەى کارمەند و دیپلۆماتکارانیان کونسوڵخانەى هەولێریش دەگرێتەوە، گواستنەوەکەش ئارەزوومەندانە نییە و کارمەندان ناچارن بەپەلە عێراق جێبهێڵن، بەبێ ئەوەى ژمارەکەیان ئاشکرا بکات.
وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، ئاستى مەترسییەکانى لە عێراق بۆ پلەى چوار بەرزکردووەتەوە و داواى لە هاوڵاتییانى کردووە سەردانى عێراق نەکەن، بەهۆى بوونى مەترسى تیرۆر و رفاندن و توندوتیژى چەکدارى گرووپەکانى نەیارى ئەمریکا.
12/06/2025