ئیسرائیل دەستگیرکردنى ژمارەیەک ئەندامى حەماسى لەناو خاکى سووریا راگەیاند

سوپاى ئیسرائیل دەستگیرکردنی ژمارەیەک ژمارەیەک ئەندامى بزووتنەوەى حەماسی لە کردەوەیەکى سەربازیدا لە باشوورى سووریا راگەیاند، وەزارەتى ناوخۆى سووریاش کردەوەکەى ئیسرائیلى بە پێشێلکارییەکى ئاشکراى سەروەریی وڵاتەکەى ناوبرد.
سوپاى ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، ئاشکرایکردووە، بەرەبەیانى ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزەکانى لیواى ئەسکەندەرونى کردەوەیەکى سەربازییان بۆ دەستگیرکردنى ژمارەیەک ئەندامى چالاکى حەماس لە گوندى (بەیت جن) لە باشوورى سووریا ئەنجامداوە، کە بە گوتەى ئیسرائیل پلانیان هەبووە هێرشبکەنە سەر کەسانى سەربازى و سڤیلى ئیسرائیل.
سوپاى ئیسرائیل، ئاماژەى بەوەشداوە، لە کردەوەکەدا ژمارەیەک ئەندامى حەماس دەستگیرکراون و گواستراونەتەوە بۆ ناو خاکى وڵاتەکەى.
وەزارەتى ناوخۆى سووریاش لە راگەیەندراوێکدا، کردەوەیەکى ئیسرائیلى سەرکۆنە کرد و بە پێشێلکارییەکى ئاشکراى سەروەریی وڵاتەکەى ناوبرد، ئاشکراشیکرد، لە کردەوەکەى ئیسرائیلدا کەسێکى سڤیل کوژراوە و حەوت کەسى دیکە رفێندراون.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى وەزارەتى ناوخۆى سووریا، هێزەکەى ئیسرائیل بە پاڵپشتیى تانک و زرێپۆش و یاوەرى فڕۆکەى بێفڕۆکەوان چوونەتە گوندى (بەیت جن) لە باشوورى دیمەشق و تەقەیان لە گوندنشینان کردووە .
12/06/2025