ترەمپ: پێشوەختە ئاگادارى هێرشەکەى ئیسرائیل بووم
رێبوار حەمەوەیس 13/06/2025

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاند، پێشوەختە ئاگادارى هێرشەکەى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بووە و چیتر ئێران ناتوانێت ببێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى.
ترەمپ لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵى فۆکس نیوزى وڵاتەکەى رایگەیاند، هێزەکانى ئەمریکا بەشداریی هێرشەکەى ئیسرائیلیان بۆ سەر ئێران نەکردووە، بەڵام پێشوەختە لە هێرشەکە ئاگادارکراوەتەوە.
گوتیشى، ئەمریکا بەرگرى لە خۆى دەکات و هاوکاریی ئیسرائیلیش دەکات بۆ بەرگرى لەخۆکردن ئەگەر پێویستى بە هاوکارى بوو.
سەرۆکى ئەمریکا دووپاتیشیکردەوە، چیتر ئێران نابێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى، لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕێى کاردانەوەى ئێرانن بۆ دیاریکردنى چارەنووسى دانوستانە ئەتۆمییەکان و هیوادارن ئێران بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزى دانوستان.
بەگوتەى ترەمپ، "ژمارەیەک لە سەرکردەکانى ئێران لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا کوژراون و چیتر ناگەڕێنەوە".
رێبوار حەمەوەیس
13/06/2025