نرخی نەوت بەرێژەی 12% بەرزبووەوە

پاش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا بە رێژەی زیاتر لە سەدا 12 بەرزبووەوە.
پاشئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ئیسرائیل هێرشیکردەسەر ناوەندە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەرزبووەوە و بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 77 دۆلار و 80 سەنت و نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکاش گەیشتە 76 دۆلار و 60 سەنت و بەمجۆرەش بەرێژەی 12% نرخەکان بەرزبوونەتەوە.
شرۆڤەکاران و ناوەندەکانی وزەی جیهانی پێشبینیدەکەن، پەرەسەندنی ململانێکان کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دابینکردنی نەوت هەبێت، ئاماژە بەوەشدەکەن کە تاران دەتوانێت تاوەکو 20 ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا لەرێگەی هێرشکردنەسەر گەرووی هورمز پەکبخات و لەم سیناریۆیەشدا قەیرانێکی گەورەی نەوت لە جیهاندا دروست دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی نەوتی ئێران رایگەیاند، هێرشەکەی ئیسرائیل هیچ زیانێکی بە پاڵاوگەکانی وڵات و دامەزراوە سەرەکییەکانی کۆگاکردنى نەوتی وڵاتەکەی نەگەیاندووە, وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "لە ئێستادا چالاکییەکانی ئەو دامەزراوانە و دابینکردنی سوتەمەنی لە سەرتاسەری وڵاتدا بەبێ پچڕان بەردەوامە".
13/06/2025