زەبری دەروونی لە منداڵیدا مەترسیی تووشبوونی خانمان بە ئیندۆمیتریۆسس زیاددەکات

لە توێژینەوەیەکی نوێدا، لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی نێوان زەبری دەروونی لەکاتی منداڵیدا و ئەگەری تووشبوون بە ئیندۆمیتریۆسس لە خانمانی پێگەیشتوودا کراوە.
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، ئەو خانمانەی لەکاتی منداڵیدا دووچاری زەبری دەروونی بوونەتەوە، ئەگەری تووشبوونیان بە ئیندۆمیتریۆسس زیاترە.
هاوکات دەریشکەوتووە کە مەترسییەکە زیاتر لە دووهێندە بووە لەو خانمانەی لە منداڵیدا دووچاری توندوتیژیی جەستەیی بوونەتەوە، واتە تاوەکو خانمەکە لە منداڵیدا ئەزموونی زەبری دەروونی و توندوتیژیی زیاتر بووبێتەوە، مەترسیی تووشبوونی بە ئیندۆمیتریۆسس زیاترە.
ئیندۆمیتریۆسس نەخۆشییەکە تێیدا شانەی هاوشێوەی ناوپۆشی منداڵدان لە دەرەوەی منداڵدان گەشەدەکەن، لەکاتی سووڕی مانگانەدا ئەم شانانە خوێنیان لێدێت و دەبنەهۆی ئازار و هەوکردنێکی زۆر.
ئەم نەخۆشییە یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکانی خانمان و نزیکەی یەک لە دە خانم تووشی دەبن، تاوەکو ئێستاش هۆکارێکی دیاریکراوی ئەم نەخۆشییە نەدۆزراوەتەوە.
توێژەران بۆ روونکردنەوەی ئەم پەیوەندییە دوو تیۆرییان هەیە؛
- دەڵێن لەوانەیە هۆکارەکە ئەوەبێت کە ئەو زەبرانەی منداڵان دووچاری دەبنەوە کاریگەری لەسەر سیستمی بەرگری دادەنێن و رێگری لە پاراستنی منداڵەکە دەکەن لەم نەخۆشییە
- توێژەران لە تیۆریی دووەمدا دەڵێن کە دەکرێت هۆکارەکە ئەوەبێت زەبر و توندوتیژی لە منداڵیدا هەستیاربوونی جەستە بۆ ئازار دەگۆڕێت، ئەمەش وادەکات لەکاتی پێگەیشتندا خانمەکە زیاتر هەست بە ئازار بکات و بەم نەخۆشییە دەستنیشانبکرێت.
16/06/2025