جیاوازیی توانا سەربازییەکانی ئێران و ئیسرائیل

ئێران و ئیسرائیل ماوەی دوو رۆژە بە مووشەک و درۆن و فڕۆکەی جەنگی بنکە و بارەگا و ناوەندە سەربازی و ئەتۆمییەکانی یەکدی بۆرمان دەکەن، کە هەر یەکەیان توانایەکی سەربازیی جیاوازی هەیە.
پلەی سەربازیی ئێران و ئیسرائیل
بە گوێرەى پێگەى گڵۆباڵ فایەر پاوەر، بۆ پۆلێنى سەربازیى وڵاتان، لە نێو 145 وڵاتى جیهان ئیسرائیل پلەى 17 و ئێرانیش پلەى 14ى گرتووە.
ژمارەی سەرباز
لە رووى ژمارەى سەربازیشەوە، ئێران لە پێش ئیسرائیلەوەیە، بە جۆرێک لە کۆى 89 ملیۆن دانیشتوو، کە 49یان بە هێزى مرۆیی هەژمار دەکرێن، 610 هەزار سەربازى هەیە، ئیسرائیلیش، کە دانیشتووانەکەى نزیکەى نۆ ملیۆن کەسە و سێ ملیۆن و 800 هەزار کەسى بە هێزى مرۆیی هەژمار دەکرێت 170 هەزار سەربازى هەیە.
لە ژمارەى سەربازى یەدەگ ئیسرائیل لە ئێران سەربازی یەدەگی زۆرترى هەیە، کە خاوەنى 465 هەزار سەربازى یەدەگە، ئێرانیش 350 هەزار سەربازى یەدەگى هەیە.
توانای هێزی ئاسمانییان
لە هێزى ئاسمانیدا ئێران و ئیسرائیل جیاوازییەکى زۆر لەنێوانیادا هەیە، ئیسرائیل بە ژمارە و جۆرى فڕۆکە و پێشکەوتنیان زۆر لە پێش ئێرانەوەیە، بە جۆرێک خاوەنى 612 فڕۆکەیە ، 39 فڕۆکەى هێرشبەر، 12 فڕۆکەى بار، 155 فڕۆکەى مەشق، 23 فڕۆکەى ئەرکى تایبەت، 146 هێلیکۆپتەر.
ئێرانیش 551 فڕۆکەى جەنگى هەیە، 186 فڕۆکەى شەڕکەر، 23 فڕۆکەى هێرشبەر، 86 فڕۆکەى بار، 100 فڕۆکەى مەشق، 10 فڕۆکەى ئەرکى تایبەت، 129 هێلیکۆپتەر.
لە جۆرى فڕۆکەشدا ئیسرائیل خاوەنى چەندین جۆرى فڕۆکەى پێشکەوتووى ئەمریکییە وەک ئێف 15 و ئێف 16 و ئێف 35 و فڕۆکەى پێشکەوتووى جۆرى تارمایی یاخود شەبەح.
هەرچى ئێرانە، زۆرینەى فڕۆکەکانى رووسین و بەشێکیان ئەمریکین، کە تەکنیکى ساڵانى حەفتا و هەشتاکانى سەدەى رابردوویان تێدا بەکارهاتووە، وەک فڕۆکەى فانتۆم ئێف-4، ئێف-5 تایگەر، ئێف-14 تۆمکەت، بە تەکنیکى ساڵانى حەفتا و هەشتاى سەدەى رابردوو، پۆلێک سوخو-24ـى رووسى، ژمارەیەک فڕۆکەى میگ-29.
توانای ئەتۆمی
لە هێزى ئەتۆمیدا هەردوو وڵات شیاوى بەراورد کردن نین بەجۆرێک ئیسرائیل نۆیەم وڵاتى خاوەن چەکى ئەتۆمییە و 100 کڵاوەى ئەتۆمى هەیە، بەڵام ئێران تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ببێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى.
توانای موشەکی
لە موشەکى بالیستیکیشدا هەردوو وڵات خاوەن کۆگایەکى گەورەن و ئیسرائیل خاوەنى گەورەترین کۆگاى موشەکى بالیستکییە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئێرانیش خاوەنى گەورەترین کۆگاى موشەکى بالیستکییە لە رۆژئاواى ئاسیا.
سیستمی بەرگریی ئاسمانی
هەروەها هەردوو وڵات ژمارەیەک سیستمى بەرگریی ئاسمانى و موشەکییان هەیە ئیسرائیل خاوەنى گومەزى ئاسنین، سیستمى موشەکى پاتریۆت، سیستمى موشەکى ئارو، سیستمى موشەکى هوکوشاباریل، سیستمى موشەکى فادس.
ئێرانیش خاوەنى چەند جۆرێکى سیستمى بەرگرییە لەوانە،سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس 300، سیستمی بەرگریی سەیاد، سیستمی بەرگریی سێومی خورداد، سیستمی موشەکی رەشەبا.
هێزی دەریایی
لە هێزى دەریاییدا ئیسرائیل 67 یەکەى جۆراوجۆرى لە بەلەم و کەشتى و ژێردەریایی هەیە، کە 5یان ژێردەریایین، ئێرانیش 101 یەکەى جۆراوجۆرى هەیە، کە 19یان ژێردەریایین.
تانک و زرێپۆش و تۆپهاوێژ
لە تانکدا ئیسرائیل خاوەنى هەزار و 370 تانکە و ئێرانیش خاوەنى هەزار و 996 تانکە کە لە نێویاندا تانکى جۆرى مێرکاڤا4 هەیە.
لە زرێپۆشدا، ئیسرائیل 43 هەزارو ئێرانیش 65 هەزار زرێپۆشى هەیە.
هەرچى تۆپهاوێژە ئیسرائیل 950 تۆپهاوێژ و ئێرانیش 2 هەزارو 600 تۆپهاوێژى هەیە.
بودجەی سەربازی
تێکڕاى بودجەى بەرگریى ساڵى 2024 ئیسرائیل گەیشتووەتە 24 ملیار دۆلار، هەرچى ئێرانیشە نزیکەى 10 ملیار دۆلار بووە.
14/06/2025