وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە بەرداشى شەڕى ئێران و ئیسرائیل

وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی عێراق و سووریا و ئوردن و لوبنان ترسیان زۆرە لە بەرداشی شەڕی ئێران و ئیسرائیل دا زیانیان پێبگات. ترسی ئەو وڵاتانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە کەوتوونەتە نێوان جوگرافیای ئێران و ئیسرائیل و تاران و تەلئەڤیڤ بۆ ئامانجەکانی خۆیان خاک و ئاسمانی ئەو وڵاتانە بەکاربهێنن. ئەو وڵاتانە لە رووی توانای سەربازیییەوە لە ئێران و ئیسرائیل لاوازترن و ئەوەش ترسەکەیانی زیاتر کردووە.
وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ترسیان هەیە ببنە گۆڕەپانى شەڕى ئێران و ئیسرائیل
شەڕى نێوان ئیسرائیل و ئێران، رەوشى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى بەرەو نائارامى بردووە و وڵاتانى عێراق، سووریا، لوبنان و ئوردن کەوتوونەتە نێوان بەرداشى هێرشى ئاسمانى و موشەکیى هەردوو وڵات.
ئەو چوار وڵاتە لەرووى سەربازی و بەرگریی ئاسمانییەوە بەراورد بە هەردوو وڵاتى بەشەڕهاتوو توانایەکى سنوورداریان هەیە، ترسیان هەیە پریشکى شەڕەکەیان بەرکەوێت.
توانا سەربازییەکانی عێراق
عێراق، کە دراوسێى ئێرانە و زۆرترین سنوورى هاوبەشیان پێکەوە هەیە، لە پاش دەستپێکردنى هێرشى ئیسرائیل بۆسەر ئێران ئاسمانى وڵاتەکەى بەرووى گەشتە ئاسمانییەکاندا داخست.
عێراق هەرچەندە لە رابردوودا وڵاتێکى بەهێزى ناوچەکە بووە، بەڵام لە ئێستادا ناتوانێت ئاسمانەکەى لە موشەک و فڕۆکەى پێشکەوتوو بپارێزێت.
عێراق لە ساڵى 1958 هەوڵیدا ببێتە خاوەن بەرنامەى ئەتۆمى و ساڵى 1968 بە هاوکاریی رووسیا یەکەم وێستگەى توێژینەوەى ئەتۆمیى دامەزراند، بەڵام لە ساڵى 1981 لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومانکرا و لەناوبرا.
لە شەڕى هەشت ساڵەشى لەگەڵ ئێران و دواتریش شەڕى کەنداو و پرۆسەى ئازادیى عێراق، زۆرێک لە توانا سەربازى و بەرگرییەکانى لەدەستدا، لە پاش ساڵى 2003 حکومەتە یەکلەدوای یەکەکانى عێراق کاریان بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانى توانا بەرگرى و ئاسمانییەکان کردووە و لە ئێستادا عێراق خاوەنى چوار جۆرى رادارە، کە سیانیان ئەمریکى و یەکێکى دیکەشیان ئەڵمانییە.
عێراق پێنج جۆرى سیستمى بەرگریی ئاسمانیی هەیە وەک (ئەى زێد پى-60)ى رووسى، تۆپهاوێژى سویدى جۆرى بوفۆرز، ئەڤینگەر و هۆکى ئەمریکى.
توانا سەربازییەکانى سووریا
هەرچى سووریای هاوسنوورى ئیسرائیلە، پاش رووخانى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵى رابردوو، تەواوى پرۆگرامە ئەتۆمى و توانا بەرگری و ئاسمانییەکانى لەدەستدا، لەماوەى رابردوودا ئیسرائیل زۆربەیانى لەناوبرد، سووریا پێش رووخانى ئەسەد ژمارەیەک سیستمى بەرگرى و موشەکیى رووسى هەبوو، بەڵام ئێستا ناتوانێت ئاسمانەکەشى بپارێزێت.
توانا سەربازییەکانی ئوردن
ئوردن، لە رابردوودا کەمترین گرژیى هەبووە لەگەڵ ئیسرائیل، چەکى ئاسمانیی شاهانەى ئوردنى بەرپرسیارە لە پاراستنى ئاسمانى وڵاتەکەی، جگە لە فڕۆکەى جەنگى خاوەنى سیستمى موشەکیى پاتریۆتە، کە لە ساڵى 2014 ەوە وەک بەشێک لە هەماهەنگیى سەربازى لەگەڵ ئەمریکا بەدەستیهێناوە.
ئوردن لە پێکدادانەکانى نێوان ئیسرائیل و ئێران جگەلە داخستنى ئاسمانى وڵاتەکەى نەیتوانیوە کارێکى دیکە بکات.
توانا سەربازییەکانی لوبنان
لوبنانیش یەکێکى دیکەیە لەو وڵاتانەیە، کە کەوتووە بەرداشی شەڕی نێوان هەردوو وڵاتى بە شەڕ هاتوو، بەر لە رووداوەکانى حەوتى ئۆکتۆبەرى 2023 حیزبوڵا خاوەن زۆرترین تواناى بەرگریی وڵاتەکە بوو، کە پێکهاتبوو لە سەکۆى موشەکى جۆرى پاوەر، سیستمى موشەکیى بانتسیر، بەڵام لە ساڵى 2024 زۆرینەیان لەلایەن ئیسرائیلەوە لەناوبران.
لە ئێستادا هەرچوار وڵاتەکە ترسیان هەیە شەڕى نێوان ئیسرائیل و ئێران درێژە بکێشێت و رەوشى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەرەو ململانێیەکى نادیار ببات.
14/06/2025