عەلوەی سلێمانی: هەموو جۆرە بەرهەمێک بەردەستە و دەتوانین هەناردەی بکەین

لە عەلوەی سلێمانی بەرهەمە خۆراکییە کشتوکاڵییەکان رەوانەی بازاڕەکان دەکرێت
لە عەلوەی سلێمانی بەرهەمە خۆراکییە کشتوکاڵییەکان رەوانەی بازاڕەکان دەکرێت

سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای سەوزە و میوەی عەلوەی سلێمانی رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لەکاتی ئاساییدا بۆ بەرهەمی سەوزە و میوە بەڕێژەی 80٪ پشتیان بە ئێران بەستووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێستا وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵییە، هەموو جۆرە بەرهەمێک بەردەستە و دەشتوانن هەناردەی بکەن.

سەرۆکی سەندیکای سەوزە و میوەی سلێمانی بۆ کەناڵ8 ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی زۆریی بەرهەمی خۆماڵییەوە، تاوەکو مانگی تشرینی دووەمی 2025 دەتوانرێت پشت بە بەرهەمی خۆماڵی ببەسترێت و تاوەکو ئەوکاتە پێویست بە هاوردەکردنی بەرهەمی هیچ وڵاتێکی دیکە ناکات.

هاوکات داوایکرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکاریی جوتیاران بکەن بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان ببێتە چوار وەرزە و چیتر پێویست نەکات لە دەرەوە بەرهەمی دیکە هاوردە بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ بەهۆی کەمیی باران و وشکەساڵییەوە لەو بڕوایەدا نەبوون بەرهەم هێندە زۆربێت، بەجۆرێک رۆژانە 600 بۆ 700 تۆن خەیار دێتە عەلوەکەیان و 200 بۆ 250 تۆن لە تەماتە و پەتاتە بەهەمان شێوە دێتە عەلوەی سلێمانی و ساغ دەکرێتەوە. 

روونیشیکردەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئێران و ئیسرائیل بۆسەر یەکدی، بەراورد بە پێشوو کەمێک ساردی کەوتووەتە بازاڕەکەیانەوە، چونکە کەمتر کڕیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەرهەم دەکڕن.

روونیشیکردەوە، لە عەلوەکەیان بەرهەم زیادە، بەڵام خواست کەمە و ئەوەش کێشەی ساغنەبوونەوەی بەرهەمی دروستکردووە. 

لەبەرامبەر ناردنە دەرەوەی بەرهەمی جوتیاران لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمەوە بۆ وڵاتانی دیکە، سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای سەوزە و میوەی سلێمانی گوتی؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر لەو رووەوە خەمساردە و بڕی بەرهەمی هەناردەکراو ناگاتە 10٪.