هاوڕێ تۆفیق: لەماوەى هەفتەیەکدا کێشەى مووچە چارەسەر دەکرێت

هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەرى گشتیى پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیى کۆماررایگەیاند، لە ماوەی هەفتەیەکدا کێشەی مووچە چارەسەر دەکرێت و سەرۆکى دادگاى فیدراڵى هاوسۆزى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بوو.
لە پاش کۆبوونەوەى لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق و جاسم عەبود، سەرۆکى دادگاى فیدراڵى، هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەرى گشتیى پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیى کۆمارى عێراق بە کەناڵ8ـى راگەیاند، چاوەڕوانى دادگان بۆ ئەوەى بڕیار لەبارەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بدات.
گوتیشى، سەرۆککۆمارى عێراق پەرۆشە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى مووچە و بەر لە چەند مانگێک، لەدادگاى فیدراڵى سکاڵاى تۆمارکرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیران و فراکسیۆنەکان بۆ چارەسەرى مووچە لە پەیوەندى بەردەوامدان.
بەڕێوەبەرى گشتیى پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیى کۆمارى عێراق لەباسى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە کرد، گوتى، دادوەر جاسم عەبود سەرۆکى دادگاى فیدراڵى لە کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرۆککۆمارى عێراق رایگەیاندووە، کە دۆسیەى مووچە بابەتێکى مرۆییە و پەیوەندى بە سیاسەت نییە و گوتوشیەتى دابینکردنى مووچە بە بابەتێکى ئایینیش دەبینن، چونکە ئاین رەوشتە و دابینکردنى مووچەى خەڵک بابەتێکى ئەخلاقییە.
هاوڕێ تۆفیق هێماى بۆئەوەشکرد، بەر لە جەژنى قوربان سکاڵا تۆمارکراوە و دادگا رایگەیاندووە، کە بەزووترین کات بڕیار لەبارەى دەرکردنى فەرمان سالاریی دەدات، بۆیە لەسبەیەوە بۆماوەى هەفتەیەک کێشەى مووچە چارەسەردەکرێت، دەشڵێت، دەرئەنجامى کۆبوونەوەى سەرۆککۆمارى عیراق و سەرۆکى دادگاى فیدراڵى ئەرێنى بووە.
ناوبراو جەختى لەسەر ئەوەشکردەوە، سەرەکیترین کێشەى هەرێم و بەغداد نەبوونى یاساى نەوت و گازە و سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق هەوڵدەدات بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان پرۆژەیاساى نەوت و گاز ئامادەبکات.
تاوەکو ئێستا فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان مووچەى مانگى ئایاریان وەرنەگرتووە، تەیف سامى وەزیرى دارایی عێراق رۆژى 28 ئایار حکومەتى هەرێمى کوردستانى ئاگادارکردەوە بەگوێرەى بودجەى سێ ساڵى رابردووى عێراق هیچ بڕەپارەیەکیان بۆ مووچە نەماوە.
15/06/2025