نرخی نەوت لە جیهان بەڕێژەی 2% بەرزبوەوە

وێستگەیەکەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی خاو
وێستگەیەکەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی خاو

بەهۆی بەردەوامیی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت بە رێژەی 2% بەرزبووە و بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتووەتە 74 دۆلار و 20 سەنت، هەروەها نەوتی خاوی تەکساس بە 72 دۆلار و 60 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

پاش لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کە داوای چۆڵکردنی تارانی پایتەختی ئێران و خراپتربوونی دۆخەکەی کرد، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان زیاتر بەرزبووەوە.

هەرچەندە ژێرخانی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی ئێران تاوەکو ئێستا رووبەڕووی هیچ هێرشێکی راستەوخۆی ئیسرائیل نەبووەتەوە و دەسەڵاتدارانی ئێرانیش بە فەرمی هیچ هەڕەشەیەکی ئاشکرایان لەبارەی داخستنی گەرووی هورمزەوە نەکردووە، بەڵام لە دوێنێوە راداری کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز لەکارکەوتوون و کێشەی بۆ کەشتییەکان و گواستنەوەی دەریایی دروستکردووە.

گەرووی هورمز، یەکێکە لە رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان، لە ئەگەری داخستنیدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رادەبەدەری نرخی نەوت، بەهۆی ئەوەی 20%ـی نەوتی جیهان رۆژانە بەم گەرووەدا تێدەپەڕێت کە نزیکەی 18 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە دەکات.