ئیسرائیل بەرهەمهێنانى گاز لە دوو کێڵگە رادەگرێت و میسڕ و ئوردن زەرەرمەند دەبن

هێرش و ئاڵۆزییەکانى نێوان ئیسرائیل و ئێران، کێشە بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەی گاز دروستدەکات.
وەزارەتی وزەی ئیسرائیل بڕیاریدا کێڵگە گازیی و کۆگاکانی "کاریش و لیڤیاتان" دابخات، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە نزیکەی 27 ملیار مەتر سێجاوە بۆ نزیکەی 10 ملیار مەتر سێجای ساڵانە دادەبەزێت. ئێستا بە تەنیا لە کێڵگە و کۆگاى تامارەوە گاز دابیندەکرێت.
ئیسرائیل لە ساڵی رابردوودا تەنیا نزیکەی 14 ملیار مەتر سێجا گازى بەکارهێناوەو ئەوەشى ماوەتەوە هەناردەى کردووە.
بەخەمڵاندنى شارەزایان، ئیسرائیل دەتوانێت رووبەڕووی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان ببێتەوە و خواستى ناوخۆیی لە رێگەی سەرچاوەی وزەی جێگرەوە پڕبکاتەوە، لەوانە خەڵوز و نەوت.
پێشبینی دەکرێت کاریگەرییە راستەوخۆکانی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی گازی ئیسرائیل بکەوێتە سەر کڕیارە سەرەکییەکانی گازی ئیسرائیل، كه بریتین له ئوردن و میسر.
ئوردن، ساڵانە نزیکەی سێ ملیار مەتر سێجا گازی ئیسرائیل بەکاردەهێنێت و ئەوەش دەکاتە 60%ـی گازی ئەو وڵاتە، پێشبینی دەکرێت کاریگەرییە ئابوورییەکەی، کە خۆی لە زیادبونی نرخی کڕینی گازی جێگرەوە ببینێتەوە، چونکە ئوردن ناچار دەبێت بە رێگەی دیکە، وەک تانکەر گازی بە نرخى گرانتر هاوردە بکات.
لە میسڕ رەنگە کاریگەرییەکانی توندتر بن، بەگوێرەى زانیارییەکانی ئینیرجی داتا، میسڕ لە ساڵی 2024دا نزیکەی 64 ملیار مەتر سێجا گازی بەکارهێناوە، کە زیاتر لە 10 ملیار مەتر سێجا گازی لە ئیسرائیلەوە هاوردەکردووە.
میسڕ خاوەنی کێڵگەی گازی سەربەخۆیە، بەڵام بڕێکی بەرچاو هاوردە دەکات و پێشبینی دەکرێت پچڕانی رۆیشتنی گاز لە ئیسرائیلەوە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی دەستبەجێی نرخی وزە لە وڵاتەکە.
هەروەها پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکی دیکە لەسەر وڵاتانی دیکەی پەیوەست بە بۆری گازی عەرەبی بەشێوەى ناڕاستەوخۆ هەبێت، لەوانەش سووریا و لوبنان، کە بەهەمان بۆریدا گازیش بۆ ئەوان دەگوازرێتەوە، پێشبینى دەکرێت راگرتنەکە کاریگەرى لەسەر نرخ لەو وڵاتانە دروستبکات.
17/06/2025