ترەمپ: پێدەچێت وادەی مانەوەی تیکتۆک درێژبکەمەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ لۆگۆی پلاتفۆرمی تیکتۆکدا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ لۆگۆی پلاتفۆرمی تیکتۆکدا.

ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێدەچێت ئەو وادەیەی بۆ کۆمپانیای بایتدانسی خاوەنی تیکتۆک دیاریکردووە درێژبکاتەوە.

رۆژی سێشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2025، کاتێک ترەمپ لەلایەن رۆژنامەوانانەوە پرسیاری لێکرا سەبارەت بە درێژکردنەوەی وادەی مانەوەی تیکتۆک لە ئەمریکا، گوتی: "پێدەچێت، بەڵێ".

لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ رایگەیاند :"پێدەچێت پێویست بێت رەزامەندی چین وەربگرین، بەڵام بۆچوونم وایە بەدەستیدەهێنین و سەرۆک شی لە کۆتاییدا پەسەندی دەکات".

تاوەکو ئێستا ترەمپ دووجار وادەی مانەوەی تیکتۆکی لە ئەمریکا درێژکردووەتەوە، لە 19ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، بڕیاری قەدەغەکردنی تیکتۆک چووە بواری جێبەجێکردنەوە، تەنیا بۆ ماوەی 24 کاتژمێر تیکتۆک قەدەغەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی ترەمپ وەکو سەرۆکی نوێی ئەمریکا، بڕیارەکەی پێچەوانەکردەوە و وادەیەکی نوێی بەخشییە پلاتفۆرمەکە، بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەمریکا.

هەروەها لە پێنجی نیساندا، جارێکی دیکە ماوەی 75 رۆژی بۆ مانەوەی تیکتۆک لە ئەمریکا درێژکردەوە، بەو هیوایەی لەگەڵ کۆمپانیایەک بگەنە رێککەوتن بۆ کڕینی تیکتۆک، ئەم وادەیەش لە 19ـی حوزەیران کۆتایی پێدێت.