مەسرور بارزانى لەبارەى مووچەوە نامەى بۆ دادگاى فیدراڵى ناردووە

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانى لەبارەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان نامەى بۆ دادگاى فیدراڵى ناردووە و بەمنزیکانە، دادگای فیدراڵی بڕیار لە مووچەی فەرمانبەران دەدات.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـى رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی، رایگەیاندووە، گرنگترین بابەت قسەى لەبارەوە بکات مووچەیە.
بەگوتەى پێشەوا هەورامانی، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان پێش دوو رۆژە نامەیەکی تایبەتی بۆ دادگای فیدراڵی عێراق ناردووە لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەى بەوەشکرد، بەمنزیکانە دادگای فیدراڵیی عێراق کۆدەبنەوە و بڕیار لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان دەدەن.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە رۆژى 28ـى ئایارى 2025، وەزارەتى دارایى عێراق نووسراوێکى ئاڕاستەى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد و رایگەیاند، هەرێمى کوردستان لە پشکى 12.67%ـى لە بودجەى گشتى عێراق هیچ تەرخانکراوێکى دارایى نەماوە و تاوەکو ئێستا مووچەى مانگى ئایارى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانى نەناردووە.
18/06/2025