ترەمپ 90 رۆژی دیکە بە تیکتۆک دەدات

کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئامادەیە جارێکی دیکە وادەی کارکردنی پلاتفۆرمی تیکتۆک لە ئەمریکا، بۆ 90 رۆژی دیکە درێژبکاتەوە.

چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025، کارۆلاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی رایگەیاند:"سەرۆک ترەمپ لەم هەفتەیەدا فەرمانێکی دیکە واژۆ دەکات، تاوەکو تیکتۆک بەردەوام بێت و کاربکات".

بڕیاربوو ئەپڵیکەیشنی بەناوبانگی تیکتۆک لە ئەمریکا قەدەغە بکرێت، دوای ئەوەی کۆمپانیای بایتدانسی چین، رەتیکردەوە لە ئەو وادەیەی بۆی دیاریکرابوو ئەپەکەی بفرۆشێت بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی.

کارۆلاین لێڤت راشیگەیاند، درێژکردنەوەی 90 رۆژی دیکە "دڵنیایی داخستنی ئەم گرێبەستە دەدات تاوەکو گەلی ئەمریکا بتوانێت بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی تیکتۆک بەو دڵنیاییەی کە داتاکانیان سەلامەت و پارێزراون".

ئەمە لەکاتێکدایە، سێشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەوانان، لەبارەی ئەنجامدانی گرێبەستێک بۆ کڕینی تیکتۆک گوتی:"پێدەچێت پێویست بێت رەزامەندی چین وەربگرین، بەڵام بۆچوونم وایە بەدەستیدەهێنین و سەرۆک شی، لە کۆتاییدا پەسەندی دەکات".

ئەمە سێیەم جارە، ترەمپ وادەی کارکردنی تیکتۆک لە ئەمریکا درێژبکاتەوە، دوایین وادە لە 19ـی حوزەیرانی ئەمساڵ کۆتایی پێدێت.