مێتا تۆمەتەکانی ئێران لەبارەی وەتسئەپ رەتدەکاتەوە

وێنەی ئاڵای وڵاتی ئێران لەگەڵ لۆگۆی وەتسئەپ لەناو مۆبایلێکی زیرەکدا.
وێنەی ئاڵای وڵاتی ئێران لەگەڵ لۆگۆی وەتسئەپ لەناو مۆبایلێکی زیرەکدا.

کۆمپانیای ئەمریکی مێتا، ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە گوایە زانیاری بەکارهێنەرانی لە وەتسئەپ کۆدەکاتەوە، دوای ئەوەی میدیای فەرمی ئێران، بانگەشەی ئەوەی کرد کە پلاتفۆرمەکە بۆ لێکۆڵینەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەکاردەهێنرێت.

رۆژی چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025، کۆمپانیای مێتا، خاوەنی فەیسبوک، ئینستاگرام و وەتسئەپ، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە :"نیگەرانین ئەم راپۆرتە ساختانە، بیانوویەک بن تاوەکو خزمەتگوزارییەکانمان بلۆک بکرێن، لەکاتێکدا خەڵک زۆرترین پێویستییان پێیەتی".

راگەیەندراوەکەی مێتا دوای ئەوە هات کە ئاژانسی هەواڵی ئیرنای فەرمی ئێران، داوای لە هاوڵاتییانی وڵاتەکە کرد، هەژماری وەتسئەپەکانیان بسڕنەوە یان ناچالاکی بکەن، بە گوتەی ئاژانسەکە "رژێمی زایۆنی بۆ زیانگەیاندن بە ئێران زانیاری هاوڵاتییان بەکاردەهێنێت".

مێتا کە بنکەکەی لە کالیفۆرنیایە، ئاماژەی بەوەکرد "هەموو ئەو نامانەی کە لە وەتسئەپ بۆ خێزان و هاوڕێکانت دەینێریت کۆدکراون، واتە جگە لە نێرەر و وەرگر، کەس دەستی بەو نامانە ناگات، تەنانەت وەتسئەپیش دەستی پێیناگات."

هەروەها کۆمپانیاکە رایگەیاند:" ئێمە زانیاریی بۆ هیچ حکومەتێک دابین ناکەین".

لە رووی تەکنیکییەوە، کۆدکردنی سەرەتا تا کۆتایی "End-to End Encryption"، مەحاڵە رێگە بە لایەنی سێیەم بدات زانیاری دەستبکەوێت، تەنانەت کۆمپانیای خاوەنی پلاتفۆرمەکەش.

بەڵام مێتا و پلاتفۆرمە تەکنەلۆجییەکانی دیکە، ژمارەیەک داتا کۆدەکەنەوە کە پێیدەگوترێت مێتاداتا، زانیاری لەبارەی پەیوەندی و زانیاری ئامێرەکان تێدایە کە دەتوانن لەگەڵ دەسەڵاتداران هاوبەشی بکەن، ئەگەر داوایان لێبکرێت.

ئێران لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2022ـدا، کاتێک خۆپیشاندانەکان بۆ گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، وەتسئەپ و ئینستگرامی خستە لیستی ئەپڵیکەیشنە قەدەغەکراوەکانییەوە.

دەسەڵاتدارانی ئێران، دوای دوو مانگ لە چوارچێوەی چاکسازییەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئازادی ئینتەرنێت کە یەکێک بوو لە بەڵێنەکانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، قەدەغەکردنەکەیان هەڵوەشاندەوە.