بۆچی ئێران بە شەو موشەکەکانی ئاڕاستەی ئیسرائیل دەکات؟

ژمارەیەک موشەکی ئێران لە ئاسمانی ئیسرائیل لە 16ـی حوزەیرانی 2025. وێنە:AFP
ژمارەیەک موشەکی ئێران لە ئاسمانی ئیسرائیل لە 16ـی حوزەیرانی 2025. وێنە:AFP

لەگەڵ بەردەوامی گرژییەکان لەنێوان ئیسرائیل و ئێران، هاوڵاتییانی هەردوو وڵات خۆیان بۆ رۆژی سەختتر ئامادەدەکەن، تاکە شتێک کە لە سەرەتای دروستبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵات چەند بارە دەبێتەوە، کاتی هەڵدانی موشەکەکانی ئێرانە بەرەو ئیسرائیل کە زۆرینەیان لە کاتی شەودا روودەدەن, ژمارەیەک ستراتیجی و فاکتەر هەن کە بوونەتە هۆکاری ئەوەی ئێران بڕیاربدات لە کاتی شەودا موشەکەکانی هەڵبدات،

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان پەیوەندیدارە بە جۆری چەکەکەوە، زۆرینەی ئەو موشەکانەی کە مەودا درێژن پێویستییان بە شیوازی ئاڵۆزی پڕکردنەوەی سووتەمەنی هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای سووتەمەنی لە ئێران، هەم تێچووی زۆرە و هەم سنوورداریشە.

ئامادەکردنی موشەکی مەودا درێژ، پرۆسەیەکە کاتی زۆری پێویستە کە ئەگەری دەستنیشانکردنی موشەکەکان لەلایەن سیستمەکانی چاودێرییەوە زیاتر دەکات، هەربۆیە کاتی شەو، وەکو قەڵغانێکی زیادە یارمەتی شاردنەوەی موشەکەکە دەدات لە مانگەدەستکردەکان، درۆنەکان و تەکنەلۆجیا تایبەتمەندەکان بە چاودێری، تاوەکو ئەو کاتەی سووتەمەنی تەواو وەردەگرێت و ئامادەدەبێت بۆ هەڵدان.

لە هەمانکاتدا، ئامادەکردنی موشەکەکان لەکاتی شەودا، سەلامەتیی زیاتر بە ئەو کەسانە دەدات کە کارەکە ئەنجام دەدەن.

هەروەها کاتێک ئێران موشەک بەرەو ئیسرائیل هەڵدەدات، مەترسی ئەوە هەیە ئیسرائیل راستەوخۆ تۆڵە بکاتەوە، بۆ ئەمەش ئیسرائیل پێویستی بە دیاریکردنی راستەوخۆی شوێنی هەڵدانی موشەکەکە هەیە، بەڵام ئەنجامدانی هێرشەکان لەکاتی شەودا، ئەم کارەی ئاڵۆز کردووە، بەو پێیەی بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی و درۆن هەروەها دەستنیشانکردنی شوینی هەڵدانی موشەکەکان لەلایەن سیستمەکانی رادار و لەرێگەی گەرمییەوە، لەکاتی شەودا کاریگەرییان کەمتر دەبێت، بەتایبەت ئەگەر کەشوهەوا هەور بێت یان ناوچەکە بەردەڵان و سەخت بێت.

هەروەها کاتی ئەم هێرشانە، دەتوانێت کاریگەریی دەروونی هەبێت، هەڵدانی موشەکەکان لە کاتی شەودا، پشوودان لە خێزانەکان تێکدەدات و دڵەڕاوکێ و فشار لەناو خەڵکی سڤیلدا زیاتر دەکات.

چالاکیی موشەکەکان تەنیا پەیوەست نین بە کاتی شەو، هێشتا لە رۆژیشدا روودەدات، بەڵام پێدەچێت ستراتیجی گشتی لە بەرژەوەندی ئۆپەراسیۆنەکان ئەوەبێت کە لە ژێر پەردەی تاریکیدا موشەکەکان هەڵبدرێن.