ئیسرائیل بە ژیریی دەستکرد سیستمی بەرگریی گومەزی ئاسنینی 90% کاریگەرتر کردووە

سیستمی بەرگریی گومەزی ئاسنینی ئیسرائیل لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی موشەکیی ئێران بۆ سەر تەلئەڤیڤ. فۆتۆ: AP
سیستمی بەرگریی گومەزی ئاسنینی ئیسرائیل لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی موشەکیی ئێران بۆ سەر تەلئەڤیڤ. فۆتۆ: AP

ناوەندى ستراتیجى ئینتەرناشناڵ، بۆ لێکۆڵینەوەى و تەکنەلۆجیا و بەرگرى، رایگەیاند، تەکنەلۆجیای سەربازیی ئیسرائیل، لەم ساڵانەی دواییدا پێشکەوتنی زۆری بەخۆوەبینیوە و لە پاش حەوتى ئۆکتۆبەرى 2023ـشەوە بەکارهێنانەکەى زیاتر بووە و لە ئاڵۆزییەکانى ئێستاشدا لەگەڵ ئێران سوودى گەورەى لێدەبینرێت .

ناوەندەکە ئاماژەى بەوەکردووە، ئیسرائیل ئێستا ژیریی دەستکرد بۆ باشترکردنی توانای سیستەمى گومەزی ئاسنین (ئایرۆن دۆم) بەکاردەهێنێت، کە زیاتر لە 10 ساڵە بۆ پووچەڵکردنەوەی هێرشە موشەکییەکانی غەززە و لوبنان لە کاردایە، بەجۆرێک پرۆگرامەکانى ژیریى دەستکرد رێژەی سەرکەوتنی ئایرۆن دۆم بۆ زیاتر 90% زیاد دەکات و تێچووی کارپێکردن کەمدەکەنەوە.

باسیلەوەکردووە، بەهۆى ژیریی دەستکردەوە، گومەزە ئاسنینەکە لە بەرامبەر هەڕەشەی بەرفراوانى فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەر تەنێکى فڕیوو کاریگەرتر بووە.

ناوەندەکە، روونیکردووەتەوە جگە لەوەش، سوپای ئیسرائیل پلاتفۆرمێکی بۆ ناسینەوەی ئامانجەکان بەکاردەهێنێت، کە بە ژیریی دەستکرد کاردەکات و بە "ئینجیل" ناسراوە، ئامانجەکان و تەنانەت ئەوانەشی پەیوەندیدارن بە ئامانجەکەوە دیاریدەکات و لە ماوەیەکی زۆر کەم و دیاریکراودا پێشنیاز بۆ هێرش دەخاتەڕوو، هەروەها بڕی تەقەمەنی پێویست بۆ هێرشەکەش دیاریدەکات.

بەگوێرەى بۆردوومانەکە، ئێستا سوپای ئیسرائیل لە بۆردوومانەکانیدا، سەکۆی داتای ورد بە پاڵپشتی ژیریی دەستکرد بەکارهێناوە و سیستمەکە بە "لاڤاندەر" ناسراوە لە توانایدا هەیە تەنانەت شوێنی کەس و ئامانجە وردەکانیش دیاریبکات، زۆرینەى ئەم پێشکەوتنانەی سوپای ئیسرائیل بە پاڵپشتی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بووە، کە بنکەیەکی کۆمپانیاکە لە ناوچەی بئرسەبعە و دوێنێ ئێران شوێنێکى نزیکى بۆردوومانکرد.