حەیدەر گەرعاوی: ئەمساڵ زیاتر لە چوار ملیۆن تۆن گەنم وەرگیراوە

کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە چوار ملیۆن تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە، دەشڵێت، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان و چوار پارێزگای دیکەی عێراق بەردەوامە.
حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گوتووە، تاوەکو ئێستا چوار ملیۆن و 100 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە و پێشبینیشدەکات، بڕەکە بگاتە چوار ملیۆن و 700 هەزار تۆن.
گوتیشی، "ئەو بڕە گەنمەی بەردەسته، پێویستییەکانی ناوخۆی عێراق پڕدەکاتەوە و گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی".
بەگوتەی حەیدەر گەرعاوی، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و کەرکوک و سێ پارێزگای دیکەی عێراق بەردەوامە.
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق رایگەیاند، سەرەڕای ئەو بڕە گەنمەی وەرگیراوە، ملیۆنێک و 700 هەزار تۆن گەنمی ساڵی رابردووش ماوەتەوە.
کۆمپانیاکە هاوڵاتییان دڵنیادەکاتەوە ئارد و گەنم بۆ هاوڵاتییانی عێراق بەردەستدەبن، بێ گوێدانە ئەو بارودۆخەی هاتووەتە ئاراوە.
21/06/2025