فورات موسەوی:  گەرووى هورمز دابخرێت نرخى یەک بەرمیل نەوت دەگاتە 150 دۆلار

فورات موسەوی، بەرپرسی ناوەندی وزەی عێراق
فورات موسەوی، بەرپرسی ناوەندی وزەی عێراق

فورات موسەوی، بەرپرسی ناوەندی وزەی عێراق رایگەیاند، لە ئەگەری بەشداریی ئەمریکا لە جەنگی دژ بە ئێران، ئێران هەوڵ دەدات گەرووی هورمز دابخات و بەو کارەش نرخی یەک بەرمیل نەوت بۆ 150 دۆلار بەرز دەبێتەوە.

فورات موسەوی، بەرپرسی ناوەندی وزەی عێراق بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "عێراق رۆژانە لە گەرووى هورمزەوە بەردەوامە لە هەناردەکردنى نەوت و بەهۆى بەرزبونەوەى نرخى نەوت رۆژانە 34 ملیۆن دۆلار داهاتى نەوتى زیادیکردووە".

راشیگەیاند، گەرووى هورمز دابخرێت نرخى یەک بەرمیل نەوت دەگاتە 150 دۆلار، بەڵام داخستنى گەرووەکە بۆ ماوەى چەند دەبێت بەرزبونەوەى نرخى نەوت پەیوەست دەبێت بە ماوەى داخستنى گەرووەکەوە.

فورات موسەوی، بەرپرسی ناوەندی وزەی عێراق گوتیشی، "پاش تێپەڕبوونى زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر ئاڵۆزییەکانى ئێران و ئیسرائیل، عێراق لە بارودۆخێکى جێگیردایە و هێشتا ئەو گەرووە لە بەرژەوەندیى عێراقە و سوودى لە بەرزبوونەوەى نرخى نەوت بینیوە، چونکە عێراق رۆژانە 34 ملیۆن دۆلار داهاتى فرۆشتنى نەوتى زیادیکردووە بەهۆى فرۆشتنى نەوتەوە، بەڵام عێراق هیچ بژاردەیەکى نییە یاخود هیچ جێگرەوەیەکى نییە بۆ ئەوەى نەوتەکە بفرۆشێت و هەناردەى بکات ئەگەر گەرووەکە دابخرێت".

بەرپرسی ناوەندی وزەی عێراق ئەوەشی گوت، "ئێران رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتى خۆى لە گەرووى هورمزەوە هەناردەى بازاڕەکانى جیهان دەکات، بۆیە بە داخستنى زیانى ئابووریى گەورە دەکات و تووشى ئیفلیجیی دەکات، ئێران داخستنى گەرووەکە وەک کارتێک بۆ دانوستان بەرامبەر ئەمریکا و رۆژئاوا دادەنێت و دەیەوێت ئاڵۆزییەکان رابگیرێت و دانوستان ئەنجام بدرێتەوە. داخستنى گەرووى هورمز ئەگەر رووبدات نرخى نەوت بەشێوەیەکى باوەڕپێنەکراو بەرزدەبێتەوە و نرخى یەک بەرمیل نەوت دەگاتە 150 دۆلار، بەڵام ئایا داخستنى گەرووەکە بۆ ماوەى چەند دەبێت چەند کاتژمێرو رۆژ و هەفتە، بۆیە بەرزبوونەوەى نرخى نەوت پەیوەست دەبێت بە ماوەی داخستنى گەرووەکەوە".

فورات موسەوی: گەرووى هورمز کارتێکى ستراتیژییە بەدەست ئێرانەوە

فورات موسەوی، بەرپرسی ناوەندی وزەی عێراق بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "گەرووى هورمز کارتێکى گرنگ و ستراتیژییە بەدەست ئێرانەوە، کە رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت و 25%ـى گازى سروشتیى جیهانى پێدا تێپەڕدەبێت".

فورات موسەوی راشیگەیاند، ئێران ئەو هەڕەشەیەى کردووە ئەگەر ئەمریکا بەشداربێت لە جەنگی ئیسرائیل بەرامبەر ئێران، ئەوا گەرووەکە دادەخات و ئەوش رووبدات، مەترسیی لەسەر بازاڕى نەوت و گاز لە جیهاندا دروستدەبێت.

فورات موسەوی، بەرپرسی ناوەندی وزەی عێراق گوتیشی، "گەرووى هورمز بە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانى هەناردەکردنى نەوت لە جیهان دادەنرێت کە لەرێگەى ئەم گەرووەوە کە دەکەوێتە نێوان ئێران و عومان و لەشوێنێکى ستراتیژى و ئەمنى  زۆر گرنگدایە. رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوتى جیهان بەگەرووەکەدا تێپەڕدەبێت و دەگوازرێتەوە و هەناردە دەکرێت لەگەڵ 25%ـى گازى سروشتیى جیهان، کە زۆربەى گازەکە لە قەتەڕەوە بەرهەمدەهێنرێت".

موسەوی گوتیشی، "بەهۆى ئاڵۆزییەکانەوە نرخى گواستنەوەى دەریایی زیادیکردووە. گەرووى هورمز بە یەکێک لە کارتە گرنگ و ستراتیژییەکانى ئێران لە رووى سیاسیی بۆ فشار خستنە سەر ئیسرائیل و ئەمریکا دادەنرێت، چونکە ئێران هەڕەشەى ئەوەى کردووە ئەگەر وڵاتى سێیەم، کە مەبەستى ئەمریکایە بێتە ناو شەڕەکەوە، ئەوا هەوڵدەدات گەرووى هورمز دابخات، بۆیە هەر کێشەیەک لە گەرووى هورمز رووبدات، نەک کاریگەرى لەسەر قەتەڕ و وڵاتانى کەنداو دەبێت، بەڵکو کاریگەرى لەسەر جیهان بە گشتیی دروستدەکات".