ئێمباپێ لە مۆندیالی یانەکان ئامادەنابێت

کیلیان ئێمباپێ ماوەی سێ رۆژە بەهۆی نەخۆشی خەریکی وەرگرتنی چارەسەرە و بۆ ماوەیەکی زیاتریش لە ریاڵ مەدرید دادەبڕێت، ئەمشەویش ناتوانێت بەرامبەر پاچوکای مەکسیکی ئامادەبێت.

بە گوێرەی هەواڵێکی کادێنا سێر دەڵێت، کیلیان ئێمباپێ لە بەرامبەر پاچوکای مەکسیکی لە قۆناغی کۆمەڵەکانی مۆندیالی یانەکان بێبەش دەبێت، تەنانەت بۆ گەڕی سێیەمیش بەرامبەر ساڵزبۆرگی نەمسایی ئامادەنابێت.
رادیۆیە ئیسپانییەکە گووتیشی، ئێمباپێ بەهۆی ئەو نەخۆشییەی لە گەدە و هەناوی تووشی بووە، کە گوایە خواردنی لە ئەمریکا خواردووە و پێی تێکچووە، ناتوانێت بەشداریی هیچ یارییەکی قۆناغی کۆمەڵەکانی مۆندیالی یانەکان بکات، بەڵام بۆ قۆناغی 16 دەگەڕێتەوە، کە ریاڵ مەدرید لە کۆمەڵەی هەشتەم وەکو هیلالی سعوودی، پاچوکای مەکسیکی و ساڵزبێرگی نەمسایی یاریی دەکات و لە گەڕی یەکەم 1-1 لەگەڵ هیلال یەکسان بوو.
سێ رۆژ پێش ئێستا یانەی ریاڵ مەدرید لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئێمباپێ لە هەناو و گەدەیدا تووشی هەوکردنێکی توند بووە، لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، بۆ ئەوەی پشکنینی پزیشکی زیاتری بۆ بکرێت و چاودێری تەندروستییەکەی بکرێت، کە دواتر کیلیان نەخۆشخانەی بەجێهێشت.