تێر شتیگن و ئانسو فاتی داهاتوویان نادیارە

تاوەكو ئێستا بەرشلۆنە داهاتووی تێر شتیگنی گۆڵپارێز و ئانسو فاتی هێرشبەریی یەکلایی نەکردووەتەوە..

دوای ئەوەی بەفەرمی بەرشلۆنە خوان گارسیا گۆڵپارێزی پێشووی ئیسپانیۆلی وەک گۆڵپارێزی نوێی یانەكەی ناساند، بە گوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بێت، تێر شتیگن نایەوێت ریزەكانی بەرشلۆنە جێبهێڵێت، هانسی فلیکیش قسەی لەگەڵ شتیگن نەكردووە و پلانی ئەوەیە لە دوای گەڕانەوەی لە پشووی هاوینە قسەی لەگەڵ بكات.
تێر شتیگن دەیەوێت وەک گۆڵپارێزی سەرەكی بەرشلۆنە بمێنێتەوە بەڵام فلیک لە ئاستی رازی نییە، پێی وایە وەکو جاران نەماوە، هاوکات لەگەڵ هاتنی گارسیا و مانەوەی چێزنی هێندەی دیکە داهاتووی شتیگن لە مەترسیدایە و مانەوەی زۆر کەمە.

هاوکات شتیگن لە ئەگەری جێهێشتنی بەرشلۆنە، داوای مووچەی سێ وەرزی کردووە کە پێشبینی دەکرێت زیاتر بێت لە 42 ملیۆن یۆرۆ.

هاوکات بەهەمان شێوە داهاتووی ئانسو فاتی نادیارە، گەرچی یانەی مۆناکۆی فەڕەنسی لەسەر هێڵە گرێبەستی پێشکەشبکەن، بەڵام فاتی رەتی کردووەتەوە بروات.

هانسی فلیک دەیەوێت قسە لەگەڵ هەردوو یاریزانەکە بکات و بۆیان روون بکاتەوە کە لە وەزری داهاتوو لەگەڵ پێکهاتە نوێیەکەی بەرشلۆنە ناگونجێن.

گەر فرۆشتنی هەردوو یاریزانەکە ئەستەم بێت و کێشەی تێبکەوێت، ئەوا بەرشلۆنە ناچارە بە خواستن بیانداتە یانەکانی دیکە.