40 رۆژ بەسەر دابەشکردنى مووچەى مانگى نیسان تێپەڕبووە

ناوەندێکی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان
ناوەندێکی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان

 40 رۆژ بەسەر دابەشکردنى مووچەى مانگى نیسان تێپەڕبووە و تاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ دابەشکردنی نییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵییە.

وەزارەتى دارایى و ئابووریی حکومەتى هەرێمى کوردستان رۆژى 14ـى ئایارى 2025، مووچەى مانگى نیسانى مووچەخۆرانى دابەشکرد، لەوکاتەوە تاوەکو ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـى حوزەیران، 40 رۆژ بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕیوە.

لەبارەی ئامادەکردنى لیستى مووچەى مانگى حوزەیران، یادگار جەبار، سەرپەرشتیارى بایۆمەتریى سلێمانى بە کەناڵ8ـى رایگەیاند، "لیستى مووچەى مانگى حوزەیرانى فەرمانبەرانى سنوورى سلێمانى بە سیستمى پەیڕۆڵ بە 428 لیست بۆ هەولێر دەنێردرێت و ژمارەیان 244 هەزار فەرمانبەر زیاترە و لە تەواوبووندایە، ئامادەکردنى لیستى مووچە ناوەستێت".

سەرپەرشتیارى بایۆمەتریى سلێمانى، راشیگەیاند، "هیچ شتێکى نوێ لە بارەى دابەشکردنى مووچەى مانگى ئایارەوە نییە".

هاوکات، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "بۆ دابەشکردنی مووچەى مانگى ئایار هیچ بەرەوپێشچوونێک نییە و چاوەڕێى فەرمانسالارى دادگاى فیدراڵیی دەکەن".

لە 28ـی ئایار وەزارەتی دارایی عێراق لە نووسراوێکدا رایگەیاند، پشکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ لە بودجەی عێراق تەواو بووە و هیچ بڕە پارەیەکی بۆ مووچە نەماوە.

چەند رۆژێک دواتر و لە یەکی حوزەیران، ژمارەیەک مووچەخۆری هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان تۆمارکرد و داوایانکرد، دادگاکە فەرمانێکی سالاری بۆ دابەشکردنی مووچە بدات.