گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستان تەنیا لە 24٪ـی ئاویی تێداماوە

وێنەیەکی بەنداوی دووکان
وێنەیەکی بەنداوی دووکان

بەنداوی دووکان گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و تەنیا 24% ئاوی تیاداماوە. ساڵانێکی زۆرە بەنداوەکە ئەم دۆخەی ئێستای بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەمەش ترسی لای هاونیشتمانییان و جوتیاران دروستکردووە.

بەگوتەی کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان؛ ئاوی گلدراوەی ئێستای بەنداوەکە تەنیا 24٪ـی کۆی توانای گلدانەوەی بەنداوەکەیە، ئەمەش بەڕێژەی 30٪ کەمترە بەراورد بە ساڵی رابردوو، بەڕێوەبەری بەنداوەکە هۆکاری سەرەکیی کەمیی ئاوی گلدراوە لە بەنداوەکەدا دەگەڕێنێتەوە بۆ کەمیی بارانبارین و هۆکاری دووەمیش دەگەڕێنێتەوە بۆ دروستکردنی بەنداوەکان لەسەر زێی بچووک لە وڵاتانی دراوسێ.

شەقبوونی زەویی جوتیاران لە دەورووبەری بەنداوەکە، دەرخەری ئەو وشکەساڵییە زۆرەیە کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەیبینێت و لەکاتێکدا ساڵانی پێشووتر ئەو زەوییە بە ئاو داپۆشرابوو، ئێستا جوتیاران باجی وشکەساڵییەکە دەدەن.

توانستی گلدانەوەی ئاوی بەنداوی دووکان، حەوت ملیار مەتر سێجایە و ئێستا ئەو بڕە ئاوەی گلدراوەتەوە تەنیا یەک ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجایە.

بەشێک لە جوتیارانی دیکەش دەڵێن، سەرەڕای خەرجکردنی بڕە پارەیەکی زۆر لە چاندنی گەنمدا، بەڵام بەرهەمەکە لە خواستی پێویستدا نییە. 

 لە هەرێمی کوردستان، سێ بەنداوی گەورە هەن، کە سەرچاوەی دابنیکردنی ئاوی خواردنەوە، بەرهەمهێنانی کارەبا، کشتوکاڵ و سامانی ماسین، هەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخان، سەرچاوەی سەرەکیی ئاوەکەیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە دێت و بەشەکەی دیکەیان پشت بە سەرچاوەکانی ئاوی ناوخۆ و بارانبارین دەبەستێت، بۆیە دروستکردنی بەنداو لەسەر سەرچاوەکانیان لە دیوی ئێرانەوە و هەروەها بەهۆی وشکەساڵییەوە، ئەمساڵ ئاستی ئاوەکانیان زۆر دابەزیوە.