بەغداد ئەمساڵ 3 تریلیۆن و 86 ملیار دینارى بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە

یەکێک لە ناوەندەکانی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان
یەکێک لە ناوەندەکانی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان

وەزارەتى دارایى عێراق داهات و خەرجییەکانى چارەکى یەکەمى ئەمساڵى بڵاوکردەوە و بەگوێرەى داتا، بڕى سێ تریلیۆن و 86 ملیار دینارى بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە، کە تەنیا دوو تریلیۆن و 355 ملیار دینارى بۆ مووچە بووە.

بەگوێرەى داتاى فەرمیى وەزارەتى دارایى عێراق، تاوەکو کۆتایی مانگی ئازاری ئەمساڵ، کۆی داهاتی گشتی بە داهاتی نەوتی و نانەوتییەوە، 27 تریلیۆن و 249 ملیار دینار بووە، لەو بڕە 24 تریلیۆن و 912 ملیار دینارى داهاتى نەوت بووە و داهاتى نانەوتیش بڕى دوو تریلیۆن و 337 ملیار دینار بووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە چارەکى یەکەمى ئەمساڵدا بڕى سێ تریلیۆن و 86 ملیار دینار بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان نێردراوە، لەو بڕە، دوو تریلیۆن و 355 ملیار دینارى بۆ مووچە و 728 ملیار دیناریش بۆ پێداویستییەکانى دیکە بووە.

هەرێمى کوردستانیش لەو ماوەیەدا 148 ملیار و 823 ملیۆن دینارى وەک داهاتى نانەوتى گەڕاندووەتەوە بۆ گەنجینەى دەوڵەت.

وەزارەتى دارایى عێراق، ئەوەشى خستووەتەڕوو، کۆی گشتیی خەرجییەکانى بەکاربردن و وەبەرهێنان، 28 تریلیۆن و 139 ملیار دینار بووە، کە 95%ـى بۆ خەرجیی بەکاربردن و 5%ـى بۆ وەبەرهێنان بووە.

ئەوەش روونکراوەتەوە، پاش لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی 3% کورتهێنانى دارایى هەبووە، کە بڕەکەى 890 ملیار و 668 ملیۆن دینار بووە.

وەزارەتى دارایى عێراق، خەرجیی سێ سەرۆکایەتییەکەى لە خشتەى چارەکى یەکەمى ئەمساڵدا ئاشکرا کردووە، کە بڕەکەى دوو تریلیۆن و 210 ملیار دیناربووە، کە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دوو تریلیۆن و 54 ملیار و ئەنجوومەنى نوێنەران 144 ملیار دینار و سەرۆکایەتیى کۆمار 11 ملیار و 414 ملیۆن دینار بووە.