بەرشلۆنە گرێبەستی نوێی ئەنجامدا و دوو یاریزانیش ماڵئاوایی دەکەن

یانەی بەرشلۆنە جموجۆڵەکانی لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا دەستپێکردووە و جگە لە هەوڵدان بۆ یەکلایی کردنەوەی گرێبەستی نیکۆ ویلیامز، گرێبەستێکی دیکەشی یەکلایی کردووەتەوە.

بەرشلۆنە لەگەڵ روونی باردجی، یاریزانی یانەی کۆپنهاگن گەیشتووەتە رێککەوتن و بە رێژەی ٪80 گرێبەستەکەی تەواو بووە.

فابریزیۆ رۆمانۆ راشیگەیاند، بەرشلۆنە قسەی لەگەڵ باردجی کردووە و گەیشتوونەتە رێککەوتن، ئەو ناوەڕاستکارە تەمەنی 19 ساڵە و لە یانەی کۆپنهاگنە، وەرزی داهاتوو یەکێک دەبێت لە یاریزانەکانی بەرشلۆنە.

روونی باردجی.

هاوکات، بەرشلۆنە نزیکە لە یەکلایی کردنەوەی گرێبەستی نیکۆ ویلیامز، تەنیا پارەی هەڵوەشاندنەوەی ماوە بیدات بە یانەی ئەتلەتیک بلباو.

لە بەرامبەردا، یانە کەتەلۆنییەکە دەستبەرداریی ئەندریاس کریستنسن و ئانسو فاتی دەبێ.

نیکۆ ویلیامز.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ دەڵێت، کریستنسن ئارەزوو دەکات بمێنێتەوە، بەڵام فلیک پێی باشترە ئەو یاریزانە بڕوات بەتایبەت کە بەهۆی پێکانەوە زیاتر لەسەر کورسی یەدەگ بووە و چیدیکە بۆ پێکهاتە نوێیەکەی وەرزی داهاتوو ناگونجێت.

ئەندریاس کریستنسن.

لەلایەکی دیکەوە، مارکا دەڵێت، ئانسو فاتیش گەیشتووەتە رێککەوتن لەگەڵ یانەی مۆناکۆی فەڕەنسی و فلیک چارەنووسی فاتی هەر زوو یەکلایی کردەوە.

لەدوای هەڵسانگاندن و تاقیکردنەوەی ئاستی فاتی، فلیک گەیشتە ئە وئەنجامەی فاتی لەگەڵ پێکهاتەی بەرشلۆنە ناگونجێت و پێویستە یانەیەک بۆخۆی هەڵبژێرێت، کە ئێستا مۆناکۆ لەسەر هێڵە.

ئانسو فاتی و هانسی فلیک.