ئەفسانەکەی ئەرجەنتین یادی 38 ساڵەی تەمەنیەتی

ئەمڕۆ لە رۆژی دایکبوونی ئەفسانەیەکی تۆپی پێیە، کە هیچ ریکۆردێک نەماوە نەیشکێنێت، هیچ دەستکەوتێک نەماوە بەدەستی نەهێنێت، لە منداڵێکی بچووکەوە، لە کۆڵانە هەژارەکانی ئەرجەنتینەوە بۆ باشترینی مێژوو، ئەمڕۆ لەدایکبوونی لیۆ مێسییە و پێ دەنێتە تەمەنی 38 ساڵی.

مێسی لە شاری رۆزاریۆی وڵاتی ئەرجەنتین لەدایکبووە، هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی تۆپی پێی هەبوو، هەمیشە منداڵێکی شەرمن و بێدەنگ بووە، لە تەمەنی 13 ساڵییەوە دێتە بەرشلۆنەوە و لە تەمەنی17 ساڵی لە 2004، بۆ یەکەمجار لەگەڵ تیمی سەرەکی بەرشلۆنە یارییدەکات.


لە تەمەنی 22 ساڵی سیانەی نازناوەکان لەگەڵ بەرشلۆنە بەدەستدەهێنێت، پاڵێوراوی سەرەکی دەبێت بۆ بەدەستهێنانی باڵۆندۆر، تاوەکو ساڵی 2015ـش لیۆ پێنجەم باڵۆندۆری خۆی بردەوە, بەکۆی گشتی لە کاروانی وەرزشی خۆیدا ئەم نازناو و دەستکەوتانەی هەیە کە هەشت باڵۆندۆر، نازناوێکی مۆندیال لە 2022، چوار جار باشترین یاریزان لەلایەن فیفاوە، سێ جار باشترین یاریزانی ئەوروپا، شەش خەڵاتی پێڵاوی ئاڵتوونی ئەوروپا، 23 جار گۆڵکاری خولە جیاوازەکان، نۆ جار باشترین یاریزانی ساڵ، چوار جار باشترین یاریزانی وەرزی لالیگا، دوو نازناوی کۆپا ئەمریکا، چوار چامپیۆنزلیگ، سێ جامی مۆندیالی یانەکان، 10 نازناوی لالیگا ، دوو نازناوی لیگ وەن ، سێ نازناوی سوپەری ئەوروپا، حەوت جامی شای ئیسپانیا، هەشت جامی سوپەری ئیسپانیا، قەڵغانی خولی ئەمریکا ، نازناوێکی جامی سوپەری فەڕەنسا و مەدالیای ئۆڵۆمپیاد لەگەڵ تیمی ئەرجەنتین لە 2008 و چەندین نازناوی دیکەی هەیە.

مێسی ئێستا 38 ساڵە و لە یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی یارییدەکات، لەگەڵ ئەنتۆنێلا رازوکۆ ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوەوە، خاوەنی سێ منداڵی کوڕن بە ناوەکانی تیاگۆ، ماتیۆ و سیرۆ.