فازڵ نەبی: پێویستە شاندێکى باڵا بۆ چارەسەرى مووچە بچێتە بەغداد

فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، نایەوێت هیچ لایەنێک لە حکومەتى فیدراڵ و هەرێمى کوردستان تاوانبار بکات بەوەى پابەندى رێککەوتنى نێوانیان نەبوون.
فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا گوتى، پێویستە شاندێکى سیاسى و هونەرى لە ئاستى باڵا و بڕیار بەدەست بۆ ئەو مەبەستە سەردانى بەغداد بکەن.
رۆژى 28ـى ئایارى 2025، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تيايدا هاتووە، بەگوێرەى یاساى بودجەى ساڵەکانى 2023، 2024، 2025، هەرێمى کوردستان لە 12.67ـی پشکی خۆی لە بودجە وەرگرتووە و هیچ تەرخانێکی دارایی بۆ مووچە نەماوە.
تەیف سامى لە نووسراوەکەى جەختدەکاتەوە، بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی ناتوانن بەردەوامبن لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان، ئەوەش کاردانەوەى لێکەوتەوە.
رۆژی 15ـی ئایار مەسعود بارزانی لە وتاری کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو رێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانى حیزبەکەیدا رایگەیاند، دەبێت پرسی مووچە چارەسەر بکرێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرۆزەکەر نییە هەموو مانگێک لە دەرگای بەغداد بدات و گوتیشى، مامەڵەی بەغداد لەگەڵ مووچەخۆران جێگەی قبوڵکردن نییە".
24/06/2025