بەرشلۆنە دەگەڕێتەوە یاریگای سپۆتیفای کامپ نو

یانەی بەرشلۆنە لە 10ـی مانگی هەشتی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە یاریگای سپۆتیفای کامپ نوی تایبەت بەخۆی و لەوێ بەهاندەرانیان شاد دەبنەوە.
بەرشلۆنە پاڵەوانی وەرزی رابردووی لالیگا، جامی شا و جامی سوپەری ئیسپانیا بوو، ئەم وەرزە دەتوانێت لە مانگی هەشتدا یەکەم یاری خۆی لە یاریگای کامپ نو ئەنجامبدات..
بەرشلۆنە لە هەژمارە فەرمییەکانی خۆیان ڤیدیۆیەکییان بڵاوکردەوە کە تیایدا وادەی گەڕانەوەیان بۆ کامپ نو ئاشکرا کردووە، بڕیاریشە یاریی جامی خوان گامپەر لە 10ی ئاب بەرامبەر کۆمۆی ئیتاڵی لەو یاریگایە بەڕێوەبچێت.
هەرچەندە پێشبینی دەکرا یارییەکانی سەرەتای وەرزی ماڵەوە دوای نۆژەنکردنەوەی کامپ نو لە مانگی ئەیلولدا بکرێت، بەڵام دەکرێت زووتر لە وادەی خۆی تەواو ببێت، هەرچەندە هێشتا هەندێک لە کارەکانی نۆژەنکردنەوە و بابەتی مۆڵەت و دانەوەی قەرزەکانیش ماوە.
نۆژەنکردنەوەی سپۆتیفای کامپ نو لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022 دەستیپێکرد، نۆژەنکردنەوەکە بە ئامانجی گۆڕانکاریی و زیادکردنی کورسییەکان بۆ زیاتر لە 100 هەزار هاندەر بوو، بەم شێوازە کامپ نو دەبێتە گەورەترین یاریگای ئەوروپا.

25/06/2025