تەکنەلۆجیا سەربازییەکانی ئێران و ئیسرائیل

تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکان بوونەتە چەکێکی دیکە لە بواری سەربازی و مەیدانی جەنگدا، بەشێکی زۆری وڵاتانیش تیشکیان خستووەتەسەر پەرەپێدانی تەکنەلۆجیا و تێکەڵکردنی بە چەکە جیاوازەکان، وڵاتی ئێران و ئیسرائیل، هەر یەکە خاوەنی چەندین جۆر چەکی پێشکەوتوون.
تەکنەلۆجیای سەربازیی ئێران
موشەک
ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی خاوەنی گەورەترین پرۆگرامی موشەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەندین جۆری جیاوازی موشەکی هەیە، بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبیربێت کە هەموو موشەکەکانی ئێران توانای گەیشتنیان بە ئیسرائیل نییە کە زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر لە ئێرانەوە دوورە، ئەمەش بەو مانایە دێت ئێران تەنیا موشەکی دوور مەودا دەتوانێ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.
بە گوتەی بەرپرسانی تاران چەند جۆرێکی نوێی موشەکییان بەرەو ئیسرائیل هەڵداوە، لەوانەش موشەکی حاجی قاسم و سەجیل کە توانای شکستپێهێنانی باشترین سیستمی بەرگریی ئاسمانییان هەیە، لەوانەش سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل کە بە یەکێک لە باشترینەکانی جیهان دادەنرێت.
بەرگریی ئاسمانی
بێگومان ئێرانیش هاوشێوەی ئیسرائیل خاوەنی چەندین سیستمی جیاوازی بەرگریی ئاسمانییە وەکو سیستمی ئەرمان یاخود سەیاد و سەیاد 3، بەڵام وڵاتەکە زیاتر تیشکی خستووەتە سەر پرۆگرامە موشەکییەکەی، هەر بۆیە ئیسرائیل توانی لە ماوەیەکی کەمدا، بەشێکی زۆری ئاسمانی وڵاتەکە کۆنترۆل بکات و سیستمە بەرگرییەکانی ئێران تێبپەڕێنێت.
فڕۆکەی بێفڕۆکەوان
ئێران بەهۆی چەندین ساڵ لە سزا، خۆی دەستیکردووە بە بەرهەمهێنانی بەشێکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی، خاوەنی چەندین جۆری جیاواز لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە و لە جەنگەگەکی لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامە لە بەکارهێنانیان، وەکو ئەبابیل، شاهید و موهاجر ، هەندێک کاتیش لەگەڵ موشەکەکاندا بەکاردێن تاوەکو بتوانن سیستمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل بە هەڵەدا ببەن.
هێرشی ئەلیکترۆنی و ژیریی دەستکرد
بەگوێرەی راپۆرتە جیاوازەکان، بێگومان لەپاڵ جەنگی فیزیکیدا، تاران هێرشی ئەلیکترۆنیشی دەستپێکردووە کە ژێرخانی ئیسرائیل دەکاتە ئامانج، هەروەها هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری ساختەی دروستکراو بە ژیریی دەستکردیش یەکێکی دیکەیە لە تاکتیکەکانی جەنگ.
تەکنەلۆجیای سەربازیی ئیسرائیل
موشەک
ئیسرائیل هاوشێوەی ئێران، خاوەنی چەندین موشەکی جیاوازە، مەودا کورت و مامناوەند و درێژ، پێشکەوتووترینیان موشەکەکانی جێریکۆیە کە دەتوانن تاوەکو مەودای 1500 بۆ 6500 کیلۆمەتر ببڕن.
بەرگریی ئاسمانی
ئیسرائیل هەمیشە شانازی بەوە دەکات کە باشترین سیستمی بەرگری ئاسمانی لە جیهاندا هەیە، بەڵام ئەم سیستەمە گرانبەهایانە بەهۆی گرژییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەوە جارێکی دیکە تاقیکرانەوە.
ناسراوترین سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل گومەزی ئاسنینە کە لە ساڵی 2011 ەوە، رێگری لە هەزاران مووشەکی حیزبوڵا و حەماس کردووە و ئێستاش موشەکەکانی ئێران.
لە ساڵی 2017، ئیسرائیل مووشەکبڕێکی مامناوەند بۆ دوورمەودای دامەزراند کە بە دەیڤد سڵینگ یاخود بەردهاوێژەکەی داود ناسراوە، بۆ دۆزینەوە و لەناوبردنی موشەکی بالستیک، کروز و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، لە مەودای 200 کیلۆمەتردا بەکاردێت
هەروەها ئیسرائیل خاوەنی سیستمی بەرگری موشەکی پێشکەوتووی تیر 2 و تیر 3 یە، دەتوانێت رێگری لەو مووشەکانە بکات کە لە دووری 2400 کیلۆمەتر هاوێژراون، تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی بەرگەهەوای زەویشدا بن.
بروسکەی بەرگری، سیستمێکی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیلە و دیزاینکراوە بۆ رێگریکردن لە هێرشە ئاسمانييەکان، بۆ يەکەمجار لە هێرشە موشەکییەکانی ئەمدواییەی سەر ئێراندا کەوتووەتە کار.
لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـدا، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە سیستمی بەرگریی ئاسمانی تاد و موشەکی بەهێز بۆ ئیسرائیل دەنێرێت، کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێت.
سەرەڕای بەهێزی سیستمەکان بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، سوپای ئیسرائیل دانی بەوەدا ناوە کە بەرگری ئاسمانی، بە گومەزی ئاسنینیشەوە، ئەگەر لە یەک کاتدا ژمارەیەکی زۆر مووشەکی ئاڕاستەبکرێت، دەشێت تێکبشکێت.
هاوکات ئیسرائیل لەناو دەریاشدا سیستمی جێگیرکردووە بۆ رێگریکردن لە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئێران، بە نموونە سیستمی باراک مێگن
فڕۆکەی بێفرۆکەوان
لە هەمان کاتدا سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار ئامێرێکی نوێی رێگریکەری بەکارهێناوە بۆ خستنە خوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران، هەروەها فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیشی بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بەکارهێناوە.
سوپای ئیسرائیل خەریکی تاقیکردنەوەی سیستمێکی دیکەیە بەناوی تیشکی ئاسنین کە لەیزەر بەکاردەهێنێت بۆ رێگرتن لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، تێچوویەکی کەمتری هەیە لە گومەزی ئاسنین. سیستمەکە هێشتا نوێیە و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 ناخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
فڕۆکەی جەنگی
فڕۆکەی ئێف 35، لەرێگەی ئەم فڕۆکەیەوە ئیسرائیل چەندین وێستگەی ئەتۆمی و سەربازیی ئێرانی کردە ئامانج و فڕۆکەکە بەشێوەیەکە کە پێویستی بە پڕکردنەوەی سووتەمەنی نابێت تاوەکو دەگاتە ئێران، چەند جۆرێک بۆمب و موشەک هەڵدەگرێت.
ژیریی دەستکرد
بێگومان ژیریی دەستکرد ئێستا تێکەڵی زۆرینەی بوارە سەربازییەکان بووە، هەواڵگری ئیسرائیلیش یەکێک لەو ئامڕازانەی بۆ سیخوڕی و بە ئامانجگرتن بەکاریدەهێنن ژیریی دەستکردە کە یارمەتی پلاندانانی ئۆپەراسیۆنەکان دەدات لەلایەن مۆسادەوە.
23/06/2025