چۆن ژیریی دەستکرد شێوازی جەنگی گۆڕیوە؟

لە جەنگەکانی ئەمڕۆدا، تەنیا سەرباز و تانکەکان لە بەرەکانی شەڕدا نین، بەڵکو ئەلگۆریتمەکان، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و رۆبۆتەکانیش ئێستا بەشێکن لە جەنگ، لە پلاندانان و ستراتیجییەوە تاوەکو دەگاتە دۆزینەوە و پێکانی ئامانجەکان، ژیریی دەستکرد بووەتە بەشێکی گرنگ لە جەنگەکانی ئەمڕۆی نێوان وڵاتاندا.
ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لەو سیستم و ئامێرانەی بە ژیریی دەستکرد بەهێزکراون:
چەک و درۆنی خۆکار
درۆنی خۆکوژ، ئەم جۆرە درۆنە، سەربەخۆیانە کاردەکات، لەرێگەی ژیریی دەستکردەوە وردتر ئامانجەکەی دیاری دەکات، هەر کاتێکیش دیاریکرد، خۆکوژانە خۆی دەتەقێنێتەوە پێیدا، بە نموونە درۆنی شاهید 136ـی ئێران، کە لەلایەن رووسیاوە لە ئۆکرانیا بەکارهێنراوە، بۆ بە ئامانجگرتن سیستمێکی سادەی ژیریی دەستکرد بۆ جی پی ئێس و شیکردنەوەی وێنەی ئامانجەکەی بەکاردەهێنێت.
هەروەها درۆنەکانی هارپی و هارۆپی ئیسرائیلیش کە دیزاین کراون بۆ تێکشکاندنی سیستمی رادار، ژیریی دەستکرد بۆ ئەم مەبەستە بەکاردەهێنن.
رۆبۆت
ژیریی دەستکرد، لە بەشێکی زۆری ئەو رۆبۆتانەدا جێگیرکراوە کە لە مەیدانی جەنگدا بەکاردەهێنرێن، بۆ نموونە بۆ پوچەڵکردنەوەی بۆمب، گەڕان و گواستنەوەی پێداویستییەکان، بەشێکیشیان دەتوانن بە بێ هاوکاری مرۆڤ بجەنگن و تەقە لە دوژمن بکەن، کە ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی بووەتە جێگەی نیگەرانی لە جیهاندا.
هەواڵگری و چاودێری و سیخوڕی
مانگەدەستکردە سەربازییەکان هەروەها درۆنەکانی چاودێریی کردن، دەتوانن وێنە و ڤیدیۆی ناوچەیەک کەسێک یان هەر شتێکی دیکە بێت کۆبکەنەوە، رۆڵی ژیریی دەستکرد لەم بوارەیاندا شیکردنەوەی خێرا و وردی داتاکانە، بۆ نموونە سیستمەکانی ژیریی دەستکرد دەتوانن کەرەستەکانی دوژمن بناسنەوە، هەروەها چاودێری جوڵەی هێزەکان بکەن و ئەگەر شتێکی نائاساییش رووبدات، دەستنیشانی دەکەن.
ناسینەوەی رووخسار و بایۆمەتری، بەشێکی دیکەی کاری سیستمە زیرەکەکانە، ژیریی دەستکرد لەرێگەی کامێرای چاودێری و وێنەی درۆنەکانەوە، دەتوانێت رووخساری ئەو کەسانەی بە ئامانجگیراون بناسێتەوە، هەروەکو ئەو سیستمەی ئیسرائیل لە غەززە بەکاریدەهێنێت بۆ ناسینەوەی کەسەکان.
دیاریکردنی ئامانج و لێدانی ورد
ژیریی دەستکرد دەتوانێت داتا لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە وەکو رادار، جی پی ئێس و مانگەدەستکردەکان کۆبکاتەوە، تاوەکو بە وردی شوێنی ئامانجەکەی دیاریبکات، بەمەش زیانەکان کەمتر دەکاتەوە، سیستمی بە ئامانجگرتنی زیرەکی لەم شێوەیە، زیاتر لە بۆمبە زیرەکەکان و موشەکەکاندا بەکاردەهێنرێت.
بۆ نموونە هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل سیستمی گۆسپل بەکاردەهێنن، بە سوود وەرگرتن لەو داتایانەی لەکاتی راستەوخۆدا کۆی دەکاتەوە، دەتوانێت ئامانجەکانی وردتر بپێکێت، وەکو ئەوەی بینیمان لە ئێران روویدا و بە وردی سەرکردە باڵاکانی ئەو وڵاتەی کردەئامانج.
شەڕی ئەلیکترۆنی
بێگومان بەشێکی زۆری ئەو شەڕەی ئێستا دەکرێت، شەڕی ئەلیکترۆنی و تەکنەلۆجیایە، ژیریی دەستکرد دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر نێتۆرکەکانی دوژمن و دەستنیشانی خاڵە لاوازەکان بکات و هێرشی ئەلیکترۆنی ئەنجامبدات، لەلایەکی دیکەشەوە دەتوانێت هێڵەکانی پەیوەندی بپچڕێنێت، سیستمەکانی رادار جامبکات و ببێتە هۆی ئیفلیجکردنی ژێرخانەکانی وەکو کارەبا.
دیوێکی دیکەی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاکە بەمەبەستی خۆپارێزییە، بۆ نموونە بۆ چاودێریکردنی نێتۆرکە سەربازییەکان و دەستنیشانکردنی هێرشی ئەلیکترۆنی هەروەها سیستمەکانی ژیریی دەستکرد دەتوانن لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی پێشووەوە فێرببن و خۆیان بگونجێنن، بە نموونەش جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، کە هەردوولا ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنن بۆ دەستنیشانکردنی ماڵوێر و ئەنجامدانی فیشینگ، کە شێوازێکی هێرشی ئەلیکترۆنییە لەسەر سیستمەکانی یەکدی.
هاوکاریی لە بڕیاردان
سیستمەکانی ژیریی دەستکرد، دەتوانن پێشبینی دەرئەنجامەکان بکەن بە پشتبەستن بە ناوچە، کەشوهەوا و جوڵەی هێزەکان و راپۆرتە هەواڵگرییەکان، هەروەها دەتوانن پێشنیاز بۆ فەرماندەکان بکەن لەرووی تاکتیکی گونجاو و تەرخانکردنی سەرچاوە و کاتی پێکانی ئامانجێک.
شەڕی زانیاری و هەواڵی ساختە
بێگومان ئەو لایەنەی ژیری دەستکرد کە بووەتە جێگەی نیگەرانی لە جیهاندا، دروستکردنی هەواڵ و ڤیدیۆ و وێنەی ساختەیە، بە کورتییەکەی دیپفەیک، کە ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی زانیاری ساختە و بەلاڕێدابردنی دوژمنە، هەروەها لەو کاتانەدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبنە جێگەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکی.
لۆجیستیک
ژیریی دەستکرد دەتوانێت پێشبینی بکات کە کەی ئۆتۆمبێل، فڕۆکە و یاخود تەنانەت چەکەکانیش لەکاردەکەون، هەربۆیە رێگری دەکات لە شکستهێنان و پێش ئەوەی ئامێرەکە لەکاربکەوێت دەتوانرێت چاکبکرێتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە بۆ پلاندانان بەکاردێت.
راهێنان
ژیریی دەستکرد دەکرێت لەبواری راهێنانی سەربازیشدا بەکاربێت، بە نموونە بۆ دروستکردنەوەی مەیدانی جەنگ بەشێوەیەکی مەجازی کە تێیدا سەربازەکان دەتوانن راهێنان بکەن، هەروەکو چۆن سوپای ئەمریکا، سیستمی ڤی ئاڕ بەکاردەهێنێت بۆ ئامادەکردنی سەربازەکانی بۆ شەڕکردن لە ناوچە جۆراوجۆرەکاندا.
25/06/2025