ئیسرائیل بانکی ناوەندی و 3 بەرپرسی ئێرانی خستە "لیستی تیرۆر"ەوە
سامیا حەسەن 25/06/2025

حکومەتی ئیسرائیل بانکی ناوەندیی ئێران و ژمارەیەک دامەزراوە و کەسایەتیی پلە باڵای ئەو وڵاتەى خستە "لیستی تیرۆر"ەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی حوزەیران، نووسینگەی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە بڕیارێک هەریەک لە بانکی ناوندیی ئێران، دوو بانکی دیکەی ناوخۆیی و کۆمپانیایەکی تایبەت بە هێزە چەکدارەکان و سێ بەرپرسی باڵای ئێرانی خستووەتە لیستی تیرۆری وڵاتەکەی.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە چوارچێوەی هێرشەکانی ئیسرائیل دا، ئامانج لەو هەنگاوە بۆ رێگرییە لە پارەدارکردنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و سنووردارکردنی تواناکانی تاران.
هەوڵەکەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، شەڕ و ئاڵۆزییەکانى نێوان ئێران و ئیسرائیل کە لە 13ـی مانگ دەستیپێکرد، دوای 12 رۆژ، بە سەرپەرشتیی دۆناڵد ترەمپ و نێوەندگیریی قەتەڕییەکان راگیرا.
سامیا حەسەن
25/06/2025