بانکی نێودەوڵەتی 400 ملیۆن دۆلار بۆ لوبنان و سووریا تەرخاندەکات

بانکی نێودەوڵەتی، 250 ملیۆن دۆلار بۆ پاڵپشتی هەوڵەکانی بونیادنانەوەى ژێرخانی لوبنان و 146 ملیۆن دۆلاریش بۆ کەرتى کارەبای سووریا تەرخاندەکات.
بانکی نێودەوڵەتی لە راگەیەندراوێکدا ئاشكرایکرد، ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بانکەکە رەزامەندیی دەربڕیوە 250 ملیۆن دۆلار، بۆ لوبنان تەرخانبکات بۆ نۆژەنکردنەوەى زیانەکانى شەڕى نێوان حیزبوڵا و ئیسرائیل .
بانکی نێودەوڵەتی بڕیاریشداوە، 146 ملیۆن دۆلارى دیکە بۆ هاریکاریی سووریا بەتایبەت بۆ کەرتەکانى کارەبا و ئابووری وڵاتەکە دابینبکات.
جان کریستۆف، بەڕێوەبەری ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بانکی نێودەوڵەتی،رایگەیاندووە، ئەو بڕە پارەیەی بۆ لوبنان دابینکراوە، ئەگەری زیادکردنی هەیە لە چوارچێوەیەک، کە بگاتە یەک ملیار دۆلار، ئەوەش بەهۆی گەورەیی ئەو زیانانەى بەر وڵاتەکە کەوتووە.
هاوکات نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانى لوبنان رایگەیاند، ئەو پاڵپشتییەی بۆ وڵاتەکەیان دابینکراوە، هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ دووبارە بونیادنانەوەى ژێرخانی لوبنان و ناوچە زیانلێکەوتووەکان.
لەبارەى سووریاشەوە باس لەوەکراوە، ئەو پارەیە بۆ بەستنەوە و چاککردنەوەى گۆڕەرە گەورەکانى کارەبا لە سووریا خەرجدەکرێت.
شەڕی نێوان حیزبوڵا و ئیسرائیل بووە هۆی وێرانکارییەکی بەرفراوان لە ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنان و بەیروتى پایتەخت، کە زیانێکی ئابووری گەورەی بە وڵاتەکەدا گەیاند.
بەگوێرەى داتایەکى نەتەوەیەکگرتووەکانیش، ئاوەدانکردنەوەى سووریا پێویستى بە زیاتر لە 400 ملیار دۆلارە.
25/06/2025