فێستیڤاڵی شیعری خانمان لە رانیە بەڕێوەچوو

بە بەشداریی ژمارەیەک لە دیارترین خانمە نووسەر و شاعیرەکانی کورد، یەکێک لە دیارترین فێستیڤاڵە ئەدەبییەکانی شاری رانیە بەڕێوەچوو، تیایدا خانمە شاعیرەکان، خەڵاتی رێزلێنانیان پێدرا.

لەمیانی دوو رۆژی پڕ لە چالاکیی ئەدەبیی و شیعرییدا، فێستیڤاڵی شیعر، لە هۆڵی رۆشنبیریی شاری رانیە و بە بەشداریی 11 خانمە نووسەر و شاعیر بەڕێوەچوو.

لە وتاری کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا، هیوا مستەفا عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری رانیە، پشتیوانیی وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوانی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی فێستیڤاڵەکە دووپاتکردەوە، جەختی لەوە کردەوە، "رێکخستنی بۆنەی ئەدەبیی و هونەریی لەم چەشنە، گرنگن بۆ بەرەوپێشچوونی بواری رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان و بایەخدان بە قەڵەمی ژنان لە بواری ئەدەبدا".

ئەو 11 خانمە شاعیرەی لەم بۆنەیەدا بەشدارییان کرد، توانییان بەرهەمە شیعرییەکانیان پێشکەشی ئامادەبووان بکەن و ستایشێکی زۆر بکرێن، پاشان لە کۆتا رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی رێزلێنانیان لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوانی هەرێمی کوردستانەوە، بەسەردا دابەشکرا.

26/06/2025