خەڵاتێکی نوێی نێودەوڵەتیی تایبەت بە شیعر دادەمەزرێت

خەڵاتێکی نوێی نێودەوڵەتیی تایبەت بە شیعر دادەمەزرێت و سەرنجی شاعیرانی جیهانی راکێشاوە، بەدیاریکراوییش ئەوانەی بە زمانی ئینگلیزی بەرهەمەکانیان بڵاودەکەنەوە و وەردەگێڕن.

بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی شیعری جیهانی و بەدیاریکراوییش ئەوانەی بە زمانی ئینگلیزی بڵاودەکرێنەوە، سێ بڵاوکەرەوەی ئینگلیزی لە وڵاتەکانی بەریتانیا، ئەمریکا و ئوسترالیا، خەڵاتێکی نوێی نێودەوڵەتیی تایبەت بە کۆمەڵە شیعر دادەمەزرێنن و ستایشێکی زۆر لە هەوڵەکەیان دەکرێت.

ئەم خەڵاتە نوێیە، بە ناونیشانی "خەڵاتی شیعر لە وەرگێڕاندا"، ئامانج لێی بەرەوپێشبردنی توانای شاعیرانی جیهانە لە نووسینی کۆمەڵە شیعر، کە بەشێوەیەکی هاوبەش لەنێوان نووسەری شیعرەکە و وەرگێڕەکەی دابەشدەکرێت و بڕی پێنج هەزار دۆلاریش وەکو پاداشت پێیان دەدەرێت.
ئەمساڵ یەکەم خولی پێدانی خەڵاتەکە دەستپێدەکات و 15ـی تەمموز تاوەکو 15ـی ئاب بەرهەمەکان وەردەگیرێن و رێکەوتی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو، ناوی براوەکەی ئاشکرا دەکرێت.

26/06/2025