وەزیری ژینگەی عێراق و شاندێکی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی تانجەرۆیان کرد

شاندێکى نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ وەزیرى ژینگەى عێراق هاتوونەتە سلێمانی و سەردانى چەند پرۆژەیەکی ئاو و ئاوەڕۆی سلێمانیان کرد.
هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگەی عێراق بۆ کەناڵ8 رایگەیاند، سەردانی شاندەکە بۆ ئەوەیە لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی ناوچەی تانجەرۆ بن بەوپێیەی ئاوەڕۆکەی ناوچەکەی پیس کردووە.
گوتیشی؛ ئەم سەردانە بۆ بەدواداچوونی زیاتری بابەتەکەیە، تاوەکو بتوانرێت چارەسەر بخرێتەڕوو و نەتەوەیەکگرتووەکانیش بڕە بودجەیەک بۆ جێبەجێکردنی چارەسەرەکان تەرخانبکات.
هاوکات قایمقامی سلێمانی رایگەیاند، پیسبوونی ژینگەی ناوچەی تانجەرۆ بووەتە کێشەیەکی گەورە نەک تەنیا بۆ سلێمانی بەڵکو بۆ شارۆچکەی دەربەندیخان و ئاوی دیجلە و پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە حکومەتی عێراقیشەوە بێنەسەرخەت بۆ چارەسەرکردنی پیسبوونی ئەو ئاوە.
قایمقامی سلێمانی راشگەیاند، پاشماوەی نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی دەچێتەوە ناو ئاوەڕۆی تانجەرۆ، هاوکات هۆکاری سەرەکی پیسبوونی ژینگەی تانجەرۆی گەڕاندەوە بۆ ئاوەڕۆی سلێمانی و کۆکردنەوەی زبڵ و خۆڵ و پاشماوەی کارگەکان لەو ناوچەیە.
ئاشکراشیکرد، شارەوانیی سلێمانی پرۆژەیەکی هەیە بۆ گواستنەوە شوێنی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی شاری سلێمانی.
26/06/2025