پرۆژەى خۆرى بەسڕە هەزار مێگاوات کارەبا دەدات

بەشێک لە سۆلار پانێڵەکانی پرۆژەی کارەبای خۆریی بەسڕە
بەشێک لە سۆلار پانێڵەکانی پرۆژەی کارەبای خۆریی بەسڕە

زیاد عەلى فازڵ، وەزیرى کارەباى عێراق، پرۆژەى خۆرى بەسڕەى بەسەرکردەوە و رایگەیاند، پرۆژەکە لە دوو ملیۆن پانێڵى خۆریی پێکدێت و لە توانایدایە هەزار مێگاوات کارەبا دابینبکات.

وەزیرى کارەباى عێراق، ئاماژەى بەوەکردووە، پرۆژەى خۆرى بەسڕە، پشت بە وزەى نوێبووەوە دەبەستێت، بە ستراتیجیترین پرۆژەى وزە لە عێراق هەژماردەکرێت و لەسەر رووبەرى نۆ هەزار دۆنم، لە لایەن کۆمپانیاى تۆتاڵى فەڕەنسى جێبەجێدەکرێت.

زیاد عەلى، دەشڵێت، "پرۆژەکە وادەکات سیستمى وزەى نیشتمانى لە برى پشتبەستن بە سوتەمەنى بەردین، پشت بە وزەى نوێبووەوە ببەستێت".

لە وەرزى هاویندا خواست لەسەر کارەبا لە عێراق بۆ نزیکەى 50 هەزار مێگاوات بەرز دەبێتەوە، لە ماوەکانى رابردوودا، وەزارەتى کارەبا ئاماژەى بەوەکردبوو، بەهۆى راگرتنى هەناردەى گاز لە ئێرانەوە، بەرهەمهێنانى کارەبا لە 27 هەزار مێگاواتەوە بۆ 23 هەزار مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە و كورتهێنانی بەرهەمهێنانی کارەبا 50% دەبێت.