گرووپی حەوت باجی گومرگیی لەسەر کۆمپانیا ئەمریکییەکان هەڵگرت

وڵاتانی گرووپی حەوت رایانگەیاند، بڕیاریانداوە باجی گومرگی لەسەر کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکانی ئەمریکا هەڵگرن، بەو هۆکارەی ئەو کۆمپانیانە لە ئەمریکا باج دەدەن.
گرووپی حەوت لە راگەیەندراوێکدا دەڵێن، رێککەوتنەکە بەرەنجامی گۆڕانکارییە پێشنیازکراوەکانی ئەمدواییەی سیستمی باجی نێودەوڵەتیی ئەمریکایە و بەشێکە لە پرۆژەیاسای بودجەی نوێ، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە راگەیەندرا و تاوەکو ئێستاش لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا مشتومڕی لەسەر دەکرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، چیدیکە کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکانی ئەمریکا تەنیا لە ئەمریکا باج دەدەن و دەشڵێن، ئەم هەنگاوە کارئاسانیی بۆ بەدەستهاتنی پێشکەوتنی زیاتر بەرەو بەدیهێنانی سەقامگیری لە سیستمی باجی نێودەوڵەتیدا دەکات و سەروەریی باجی وڵاتانی جیهان دەپارێزێت.
لە ساڵی 2021دا نزیکەی 140 وڵات گەیشتنە رێککەوتنێک لەسەر باجی کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان، کە لە ژێر چاودێری رێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووریدا رێکخرا، کە کەمترین باجی جیهانی تێیدا بەڕێژەی 15% دیاریکراوە.
رێککەوتنەکە لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە رەخنەی لێگیرا و وەرگرتنی ئەو بڕە باجەی بەناپێویست ناوبرد.
گرووپی حەوت رایگەیاند، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەوەن بەخێرایی بگەن بە چارەسەرێکی پرسی باجەگومرگییەکان کە بۆ هەموو لایەک پەسەندکراوبێت.
28/06/2025