ئەوروپا خۆی بۆ گەرمایەکی مێژوویی ئامادەدەکات

گەشتیاران لە شاری میلانی ئیتالیا بۆ خۆپاراستن لە گەرما پەنا بۆ سێبەرەکان دەبن و چەتر بەکار دەهێنن. فۆتۆ: AP
گەشتیاران لە شاری میلانی ئیتالیا بۆ خۆپاراستن لە گەرما پەنا بۆ سێبەرەکان دەبن و چەتر بەکار دەهێنن. فۆتۆ: AP

ئەوروپا بۆ ئەم هەفتەیە خۆى بۆ خراپترین دۆخی کەشوهەوا بەتایبەت لەرووی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ئامادەدەکات.

دەسەڵاتداران داوایان لە هاوڵاتییان کرد لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و خۆیان لە چالاکییەکانی دەرەوە بەدوور بگرن، ئەمەش لەکاتێکدایە مەترسییە تەندروستییەکان زیاتر دەبن و ئاگرکەوتنەوەی بەربڵاوی دارستانەکانیش لەئارادایە.

لە بەریتانیا، فەرمانگەی کەشناسی پێشبینیکردووە پلەکانی گەرما لە رۆژی دووشەممەدا بگاتە 36 پلەی سەدی، کە ئەگەری هەیە ببێتە گەرمترین رۆژی مانگی حوزەیران.

شەپۆلی گەرمای توند ئیتاڵیا و یۆنان و پورتوگال دەگرێتەوە

لە ئیتاڵیا، دەسەڵاتداران چەندین رێڕەوی هاتوچۆیان داخست، هاوکات 21 شار لەنێویاندا رۆما، میلانۆ و ڤێنیسیا لە ئامادەباشییەکی تەواودان، هەندێک ناوچە لە سیسیلیا و باکووری وڵاتەکە، کارکردنیان لە دەرەوە قەدەغەکرد.

لە پورتوگال، فەرمانگەی کەشناسی پێشبینیکردووە پلەکانی گەرما لە شاری لیسبۆن بگاتە 42 پلەی سەدی و دوو لەسەر سێی وڵاتەکەش لەژێر ئاگاداری پرتەقاڵیدان.

لە یۆنان، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە حاڵەتی ئامادەباشیدان خۆیان بۆ هەموو جۆرە رووداوێکی وەک ئاگرکەوتنەوەی بەهێز لە ناوچە سروشتى و دارستانەکاندا ئامادەکردووە، هەریەک لە کێڵگەکانی نزیک شارۆچکەی کەنار دەریای پالایا فۆکایا و ئەوانی دیکە لە دوورگەی کیۆس فەرمانی چۆڵکردنیان بۆ دەرکراوە، چونکە پلەکانی گەرما گەیشتوونەتە 38 پلەی سەدی.

هۆشداری تەندروستی و حاڵەتی مردن لە بەریتانیا

دەزگای ئاسایشی تەندروستیی بەریتانیا، هۆشداریدا لە مەترسیی زیادبوونی مردن بە گەرمای توند، بەتایبەتی لەنێو کەسانی بەساڵاچوو و ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە.

دەسەڵاتدارانی تەندروستیی بەریتانیا جەختیان لەسەر پێویستی دڵنیابوون لەوەکردووەتەوە نەخۆشەکان دەرمانەکانیان لە شوێنی فێنکدا هەڵبگرن و ئاوی زۆر بخۆنەوە، هەروەها لە بەرکەوتنی راستەوخۆی تیشکی خۆر دووربکەونەوە. ئامۆژگاریشی کردوون لەنێوان کاتژمێر 11 پشێنیوەرۆ تاوەکو شەشی ئێوارە نەچنە دەرەوە، کە ئەو ماوەیە پلەی گەرمای بەرزە.

پێشبینی دەکرێت رۆژی دووشەممە شەپۆلی گەرما بگاتە لوتکە و پلەکانی گەرما لە لەندەن بگەنە 36 پلەی سەدی، پێش ئەوەی پلەکانی گەرما لە رۆژی سێشەممەوە وردە وردە دەست بە دابەزین بکەن، بەڵام لە سەرووی تێکڕای ساڵانە دەمێنێتەوە.

دەسەڵاتدارانی تەندروستیی ئەوروپا داوای بەردەوامیی چاودێریی ورد و خۆپارێزیی پێویستیان کرد، چونکە ئاگر لە چەند ناوچەیەک بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت بەهۆی وشکەساڵی و بای بەهێزەوە ئاگری زیاتری بکەوێتەوە.