ئەمڕۆ و سبەی لە خوارووی عێراق پلەکانی گەرما لە 50 پلەی سەدی نزیکدەبێتەوە

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت

کەشناسیی عێراق، پێشبینی دەکات ئەمڕۆ و سبەى پلەکانی گەرما لە شارەکانی خوارووی عێراق نزیکبێتەوە لە 50 پلەی سەدی، کەشناسیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت؛ تۆزێکی سووک لە هەوادا بوونی دەبێت، نزمترین پلە لە سۆران و بەرزترین پلە لە گەرمیانە، کە 44 پلەیە.

کەشناسیی عێراق دەڵێت، "ناوچەکە کاریگەر دەبێت بە بارستە هەوایەکی گەرم و ناوچەکانی باشووری وڵات زۆرترین کاریگەریی لەسەر دەبێت".

بەگوێرەى کەشناسى، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما لە بەسڕە، ناسرییە، موسەننا و میسان، نەجەف و دیوانییە، نزیک دەبێتەوە لە 50 پلە، لە بەغداد، واست، کەربەلا، سەڵاحەدین و دیالەش پلەکانى گەرما لەنێوان  47 و 48 پلە دەبێت.

کەشناسیى عێراق، پێشبینى کردووە، ئەم شەپۆلەی گەرمایە تاوەکو ئێوارەی سبەی دووشەممە 30ی حوزەیران، بەردەوام بێت و دوای ئەوە پلەکان نزم دەبنەوە و دەگاتەوە 44 و 46، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش کەشێکی نیمچە بەهارەی دەبێت کە 37 بۆ 41 پلە دەبێت.

هاوکات بەشی پێشبینی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکیدا لەبارەی کەشەوە دەڵێت؛ ئاسمان ساماڵە و توزێکی سووک لە هەوا بوونی دەبێت، پلەکانی گەرماش لە سۆران نزمترینە، کە 38 پلەی سەدییە و لە گەرمیان بەرزترین پلەی گەرمی دەبێت کە 44 پلەی سەدییە.