خەڵاتی ئۆروێڵ بۆ نووسینی سیاسی بە خانمێکی کۆچکردوو بەخشرا

خەڵاتەکانی ئۆروێڵ بۆ ئەدەبی خەیاڵی سیاسی و نووسینی سیاسی دابەشکران، یەکێک لە خەڵاتەکان، بە خانمێکی ئۆکرانی بەخشرا، کە ساڵی 2023 بەهۆی بۆردومانەکانی رووسیاوە گیانی لەدەستدا.

لە خولی 2025ـی بەخشینی خەڵاتی ئۆروێڵ بۆ ئەدەبی خەیاڵی سیاسی و نووسینی سیاسی، هەریەک لە نووسەران، دۆنال رەیانی ئێرلەندی و ڤیکتۆریا ئامێلینای ئۆکرانی، بوون بە براوەی نازناوەکە، بەڵام ئێمێلینا، دوو ساڵ لەمەوبەر، بەهۆی بۆردوومانێکی رووسیا لە کراماتۆرسک، گیانی لەدەستدا و مردنەکەی کۆمەڵگەی نووسەرانی وڵاتەکە و رۆژئاوای نیگەران کرد.

بەرهەمەکەی ئامێلینا، بە ناونیشانی "Looking at Women Looking at War"، لە دیارترین ئەو بەرهەمانەیە کە سەرنج دەخەنە سەر ئەزموونی خانمانی ئۆکرانیا لەگەڵ جەنگ و ململانێکاندا، کە لە پۆستی جیاوازدا کار دەکەن و وەکو سەرباز، نووسەر، چالاکوان و پارێزەرانی کتێب و نووسین بەردەوامن لە بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان.

لە لایەکی دیکەوە، بەرهەمەکەی دۆنال رەیان، بە ناونیشانی "Heart, Be at Peace" وەکو باشترین بەرهەمی خەیاڵی ئەدەبیی سیاسیی دیارییکرا و لە دیارترین بەرهەمەکانی ئەمساڵە.