ئاگری دارستانەکانی تورکیا بەردەوامن و لە 2 رۆژیشدا 150 ئاگر کەوتوونەتەوە

ئاگری دارستانەکانی تورکیا بەردەوامە
ئاگری دارستانەکانی تورکیا بەردەوامە

ئاگری بەشێک لە دارستانەکانی تورکیا بەردەوامە و بەهۆی ئاگرەکانەوە ژمارەیەک گوند و ناوچەی نیشتەجێبوون چۆڵکراون.

ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری کشتوكاڵ و دارستانی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، 150 ئاگر کەوتوونەتەوە و 83 یان رۆژی هەینی بوون.

یوماکڵی، گوتیشی، "ئێستا هەشت ئاگری چالاک بەردەوامن و لەو هەشت ئاگرەش چواریان بەشێویەکی رێژەیی کۆنترۆڵکراون".

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئاگرەکانەوە تاوەکو ئێستا 16 گوند و ناوچەی نیشتەجێبوونی سەر بە ساکاریا و بیلەجیک لە باکووری رۆژئاوای تورکیا چۆڵکراون و لە بیلەجیکیش کەسێک بەهۆی ئاگرەوە بریندار بووە.

وەک یوماکڵی دەڵێت، لێکۆڵینەوەکانیان دەربارەی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکان بەردەوامە و بەهۆی خێرایی باشەوە، ئاگرەکان خێراتر بڵاودەبنەوە و ئەوەش کاری تیمەکانی قورس کردووە.

لەگەڵ بەردەوامیی ئاگرەکاندا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا ئاماژەی بەوەکردووە، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، لە بەشێک لەو ناوچانەی ئاگرەکانی تێدایە، خێرایی با زیاد دەکات و ئەوەش کاری تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە قورستر دەکات.


وەزیری دادی تورکیا: 17 کەس پەیوەست بە ئاگرەکان دەستگیرکراون

وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەبارەی ئاگرەکانی وڵاتەکەی بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 17 گومانلێکراو دەستگیرکراون.

یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی ئەو ئاگرانەی چەند رۆژێکە بەشێک لە ناوچەکانی تورکیای گرتووەتەوە، رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 17 گومانلێکراو دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

تونچ ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر بنەمای ئەو دۆسییەی لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتییەوە کراونەتەوە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکان کردووە.

وەک تونچ دەڵێت، بەهۆی فراوانبوونی ئاگرەوە، زیندانی گوێلپازاری سەربە بیلەجیک چۆڵکراوە و هەزار و 81 بەندکراوی زیندانەکە، بەشێوەیەکی سەلامەت و پارێزراو بۆ زیندانەکانی شارەکانی دیکە گواستراونەتەوە.