لە ئەوروپا ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی گەرمای ئەم هەفتەیە دەکرێت

ئەوروپييەکان خۆيان بۆ شەپۆلی گەرمای نيوەگۆی باکووری زەوی ئامادە دەکەن، لەکاتێکدا رۆژ بە رۆژ پلەکانی گەرما بەرەو بەرزبوونەوە دەچن.
پسپۆڕانی کەشوهەوا لە مێژە هۆشدارییان داوە، کە سوتەمەنیی بەردین، جیهان گەرم دەکات و لێکەوتەی کارەساتبار بۆ ژینگەی لێدەکەوێتەوە.
پسپۆڕانی کەشوهەوا دەڵێن، شەپۆلی گەرمای لە رادەبەدەری ئەم چەند ساڵەی ئەوروپا، کە تاوەکو دێت گەرمتر دەبێت، دەرئەنجامی راستەوخۆی ئەو گەرمبوونەیە.
مێلینا کۆربی هاوڵاتییەکی فەڕەنسییە و لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەڵێت، "پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە، پێشبينی دەکرێت هەفتەی داهاتوو بگاتە لوتکە و 42 پلە تۆمار بکەن، کەمێک قورسە تەنانەت بەراستی بۆ خەوتن و ژيانی رۆژانەش قورسە، بەتايبەت ئەگەر پانکە يان فێنککەرەوەت نەبێت لە ماڵەوە".
فەڕەنسا شەڕ لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا دەکات، بەجۆرێک پلەکانی گەرما بەرزبووەتەوە، کە لە شاری مارسيليا بەرزترين پلەی گەرما نزيکبووەتەوە لە 40 پلەی سيليزی، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە دەسەڵاتدارانی شارەکە فەرمانیان کردووە مەلەوانگە گشتییەکان بێ بەرامبەر بن.
لە ئيتاڵيا 17 شار لە باکوورەوە تاوەکو باشووری ئەو وڵاتە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشييەوە تاوەکو ئێستا بەرزترين پلەی گەرمای تۆمارکراو گەيشتووەتە 39 پلەی سيليزی.
ئەنتۆنیۆ گامێری هاوڵاتییەکی ئيتاڵییە و لەبارەیەوە گوتی، "گەرماکەی دوێنێ خنکێنەر بوو، زۆر شێداربوو، بەڵام ئەمڕۆ دەتوانين کەمێک هەناسە بدەين، چونکە هەوایەکی کەم هەیە، ئەمساڵ زۆر شێدارتر و قورستر و خنکێنەرترە".
کەشناسیی ئيسپانيا پێشبينيکردووە، لە زۆرينەی ناوچەکانی وڵاتەکەدا پلەکانی گەرما بگاتە 40 پلەی سەدی، ئەوەش لەکاتێکدايە ساڵانی رابردوو وڵاتەکە تووشی زنجيرەيەک ئاگرکەوتنەوە بووە بەهۆی بەرزی پەلکانی گەرماوە.
کارۆليناش هاوڵاتییەکی ئيسپانییە و ئاماژەی بەوەکرد، "زۆر گەرمە، بەدرێژای رۆژ ئارەق دەکەمەوە، بەڵام ئاو زۆر دەخۆمە و دوو بۆ سێ ليتر لە رۆژێکدا".
لە بەريتانيا، پێشبینی دەکرێت دووشەممە شەپۆلی گەرما بگاتە لوتکە و پلەکانی گەرما لە لەندەن 36 پلەی سەدی تێبپەڕێنن، تەندروستیی وڵاتەکە هۆشداریداوە لە زیادبوونی مردن بە گەرمای توند، بەتایبەتی لەنێو کەسانی نەخۆش و بەساڵاچوودا.
پۆرتوگاليش لە ئامادەباشيدايە بۆ ئەو شەپۆلە گەرمايەی ئەم هەفتەيە ناوچەکە دەگرێتەوە و پێشبينی دەکرێت پلەی گەرما 42 پلەی سەدی تێبپەڕێنێت.
تاوەکو ئێستا، بەگوێری هەڵسەنگاندنەکانی ناوەندە کەشناسييەکان ساڵی 2024 گەرمترين ساڵە لە مێژوودا تۆمارکرابێت، تێچووی کارەساتە ژينگەييەکان لەو ساڵەدا 300 مليار دۆلاری تیپەڕاندووە، پێشبينييەکانيش بەو ئاڕاستەيەن پلەکانی گەرما لە ساڵی 2025دا بەرزتربن لە ساڵی رابردوو.
29/06/2025