نەوزاد شێخ کامیل: وەرگرتنی گەنم بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 216 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە

کۆگایەکی گەنم لە هەرێمی کوردستان
کۆگایەکی گەنم لە هەرێمی کوردستان

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاشکرایکرد، تاوەکو ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی حوزەیران، بڕى 216 هەزار و تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە و پرۆسەکەش تاوەکوى 15ـى تەمموز بەردەوام دەبێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بە کەناڵ8ـى گوت، "ئەو بڕە گەنمەى وەرگیراوە 54%ـى ئەو 400 هەزار تۆنەیە، کە بۆ هەرێمى کوردستان دیاریکراوە".

گوتیشى، "هێشتا گەنمێکى زۆر ماوە و دوو هەفتە کاتیشمان لەبەردەم ماوە، هەوڵدەدەین ئەو بڕە گەنمەى بۆمان دیاریکراوە لە کاتى خۆیدا وەربگرین".

حکومەتى عێراق، یەک تۆن گەنم کە پشت بە سیستمى ئاودانى دەستکرد، دەبەستێت، 850 هەزار دینار و ئەوەى پشت بە باراناو بەستووە، 800 هەزار دینار وەردەگرێت، بەڵام هێشتا بڕیار نەدراوە سەرجەم گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت یاخود نا.

رۆژى 10ـى حوزەیران، لە هەرێمى کوردستان وەرگرتنى گەنم دەستیپێکردووەو بڕیارە تاوەکو ناوەڕاستى مانگى داهاتوو بەردەوام بێت.