ڤینیسیۆس تاوتوێی نوێکردنەوەی گرێبەست و مووچەکەی دەکات

گەرچی رەخنەیەکی زۆر لە ئاستی ڤینیسیۆس جونیۆر دەگیرێت لەلایەن هاندەرانەوە، بەڵام یاریزانە بەرازیلیەکە نزیکە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریاڵ مەدرید.

لەگەڵ بەڕێوەچوونی مۆندیالی یانەکان، ریاڵ مەدرید ناچارە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوتوێی نوێکردنەوەی گرێبەست لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆری هێرشبەری یانەکەی بکات.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت، ئەستێرە بەرازیلیەکە نزیکە لە واژۆکردن و درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی، کە تاوەکو هاوینی 2030 دەبێت و تەنیا رێککەوتنی کۆتایی ماوە لەسەر مووچە و هەندێک مەرج کە هەردوولا باسی دەکەن.

مارکا دەشڵێت، هەر ئەمڕۆ شەممە کۆبوونەوەکە لەگەڵ ڤینی دەکرێت و بەرپرسانی باڵای ریاڵ مەدریدیش بەشدارن،  لەلایەکی دیکەوە بەگوێرەی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی بێت، ریاڵ مەدرید ئامادەیە مووچەی ساڵانەی ڤینیسیۆس بۆ 20 ملیۆن یۆرۆ زیادبکات.

ئەی ئێس دەڵێت، ریاڵ مەدرید دەیەوێت گرێبەستی براهیم دیاز و تیبۆ کۆرتواش نوێ بکاتەوە، کە لەماوەی پێشوو گومان هەبوو دوو یاریزانەکە بمێننەوە.

ڤینیسیۆسیش سەڕەرای ئەوەی هاندەران رەخنەیەکی زۆری لێدەگرن و پێی دەڵێن کە ئاستی گۆراوە و وەک وەرزی 2023-2024 نەماوە، بەڵام ڤینی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە وەرزی 2024-2025، 22 گۆڵی تۆمارکردووە.