ئەمڕۆ چوارەمین کۆنفرانسى دارایی بۆ گەشەپێدان لە ئیسپانیا بە بەشداریی سەرۆککۆماری عێراق بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ دووشەممە 30ی حوزەیران، چوارەمین کۆنفرانسى دارایی بۆ گەشەپێدان بەبەشداریى ژمارەیەک لە سەرۆکى وڵاتانى جیهان لە ئیسپانیا دەست بە کارەکانى دەکات و سەرۆککۆمارى عێراق بە نوێنەرایەتیى عێراق وتارێک لە کۆنفرانسەکە پێشکەش دەکات.
بەگوێرەى راگەیەندراوێکى سەرۆکایەتیى کۆمارى عێراق، د.لەتیف رەشید سەرۆککۆمارى عێراق و خانمى یەکەم بەفەرمى لەلایەن (فلیپى شەشەم) پاشاى ئیسپانیا و شاژنى ئەو وڵاتە پێشوازییان لێکراوە و سەرۆکۆمارى عێراق سوپاسى هەڵوێستى پاشاى ئیسپانیاى کردووە بۆ پێشوازى دۆزى گەلى فەڵەستین و کۆتاییهێنان بەشەڕ لەو وڵاتە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، سەرۆککۆمارى عێراق جەختى لە پشخستنى پەیوەندییەکانى هەردوو وڵاتکردووەتەوە بەجۆرێک کە لە خزمەت هەردوو گەلى عێراق و ئیسپانیا بێت.
چوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی دارایی بۆ گەشەپێدان (FfD4)
بەگوێرەی ماڵپەڕی نەتەوەیەکگرتووەکان چوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی دارایی بۆ گەشەپێدان (FFD4) لە 30ی حوزەیران تاوەکە 3ـی تەمموزی 2025 لە ناوەندی پێشانگە و کۆنفرانسی لەFIBES لە شاری سێڤییای ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت.
کۆنفرانسەکە هەم ئەنجامێکی دانوستاندن و رێککەوتنی نێوان حکومەتەکان و پوختەی کۆبوونەوەکان و وردبینییەکانی دیکەی کۆنفرانسەکەدا دەبێت، کە لە راپۆرتی کۆنفرانسەکەدا جێگیر بکرێن.
رێکخراوی کاروباری ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان (DESA)، لە رێگەی نووسینگەی دارایی بۆ گەشەپێدانی بەردەوام، و ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (ECOSOC) پشتگیری کۆنفرانسەکە و پرۆسەی ئامادەکارییەکەی دەکەن.
کۆنفرانسەکە لە بەرزترین ئاستی سیاسیدا بەڕێوەدەچێت، لەوانە سەرۆکی دەوڵەت و حکومەت، وەزیرە پەیوەندیدارەکان – وەزیرانی دارایی، کاروباری دەرەوە، و هاوکاری پەرەپێدان – و نوێنەرانی تایبەتی دیکە.
لە ماڵپەڕی نەتەوەیەکگرتووەکاندا لەبارەی ئامانجی کۆنفرانسەکە ئاماژە بەوەکراوە، چوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی دارایی بۆ گەشەپێدان (FFD4) دەرفەتێکی ناوازە بۆ چاکسازی لە بواری دارایی لە هەموو ئاستەکاندا دەڕەخسێنێت، لەوانەش پشتگیریکردن لە چاکسازی لە هەیکەلیەتی دارایی نێودەوڵەتی و چارەسەرکردنی ئەو ئاڵنگارییانە، کە رێگری لە سەرمایەگوزاریی خێرا لە بواری وەبەرهێناندا دەکەن و ئەوەش بۆ هێنانەدیی ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوام.
ئاماژە بەوەشکراوە، کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانی دارایی بۆ گەشەپێدان، تاکە شوێنن کە سەرکردەکانی هەموو حکومەتەکان، لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان، دامەزراوە دارایی و بازرگانییەکان، بازرگانییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و سیستەمی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئاستە بەرزەکاندا یەکدەگرن و هاوکارییەکی نێودەوڵەتی بەهێزتر پێشکەش دەکەن.
30/06/2025