ئەمڕۆ شاندى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنى ئابووریى عێراق کۆدەبێتەوە

کۆبوونەوەیەکی پێشتری شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ
کۆبوونەوەیەکی پێشتری شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ

ئەمڕۆ شاندى هەرێمى کوردستان لە بەغداد لەگەڵ ئەنجوومەنى ئابووریى عێراق کۆدەبێتەوە و سبەى لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق گفتوگۆ لە بارەى دەرئەنجامى کۆبوونەوەى شاندەکە دەکرێت، بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، پێدەچێت سبەى بڕیار لەسەر خەرجکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بدرێت.

پەیامنێرى کەناڵ8 لە بەغداد رایگەیاند، لە رۆژى شەممەى رابردووەوە شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدادن و رۆژى یەکشەممە ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆمپانیاى سۆمۆ، نوێنەرى وەزارەتى نەوت، نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەنجامداوە.

گوتیشى، ئەمڕۆ دووشەممە 30ی حوزەیران، شاندەکەى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنى ئابووریى عێراق کۆدەبێتەوە.

بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى پەیامنێرى کەناڵ8، کە لە چەند سەرچاوەیەکى عێراقەوە دەستىکەوتووە شاندەکە نزیکن لە رێککەوتن، بەجۆرێک 280 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە رادەستى سۆمۆ دەکرێت و بۆ 16 دۆلار بۆ تێچووى بەرهەمهێنانى هەر بەرمیلێکیش  دیاریکراوە.

پەیامنێرى کەناڵ8 ئاماژەى بەوەشکرد، بڕیارە لە کۆبوونەوەى سبەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق تاوتوێی دانوستانەکانى نێوان شاندى هەرێمى کوردستان حکومەتى فیدراڵ بکرێت و هەر لەوێش بڕیار لەسەر خەرجکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بدرێت.

رۆژى 26ى حوزەیرانى 2025، شاندى تەکنیکیى حکومەتى عێراق گەیشتە هەولێر و لەگەڵ شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەبارەى نەوت، داهاتى نانەوتی و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدا.

بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، کۆبوونەوەکان تاوەکو گەیشتن بە رێککەوتنى یەکلاکەرەوە بەردەوام دەبن، لەبارەى نەوتەوە گفتوگۆکان زۆر باش بوون و بە ئاڕاستەى چارەسەر بوون، لەبارەى داهاتى نانەوتیشەوە هەرێمى کوردستان ئامادەیى پیشانداوە 50%ـى داهات رادەستبکات، واتە زیاتر لەوەى کە مانگەکانى رابردوو رادەستکراوە.

رۆژى 25ـى حوزەیرانى 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکردبوو شاندێکى باڵا لە عێراقەوە دێتە هەولێر و بڕیار بەدەستە، ئومێدى خواست لە دۆسییەى  مووچە بگەنە چارەسەر.